حكومەتی هەرێم پرۆسەی ئەلیكترۆنی ڕاگەیاند

AM:10:49:07/12/2017
كورد میدیا:
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، وەك یەكەمین وەزارەتی حكومەت پرۆسەی كاركردنی ئەلكترۆنی ڕاگەیاند و وەزیری ناوخۆش ئاماژە بەوە دەكات، زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتەكەی بە ئەلیكترۆنی كراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رێوڕەسمێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی دەیان بەرپرسی حكومی، پرۆسەی كارەكانی بەئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا.

لەمیانی وتارێكیشیدا (كەریم سنجاری)، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند"زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتەكەی بە ئەلیكترۆنی كراون و بەكارهێنانی كاغەز كەم بووەتەوە".

وتیشی"گۆڕینی سیستمی كۆنی كاغەز لە كاروباری حكومەت بۆ ئەلیكترۆنی نوێ بە مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كارگوزاریی كوالێتی بەرزە بە هاوڵاتیان و مامەڵە لەگەڵ بازرگانەكان".

هەروەها وتیشی"بەڕیوەبردنی وەزارەتی ناوخۆ و كارەكانی حكومەت خێرا و شەفاف دەكات، هەروەها ڕێگریش لە گەندەڵی دەكات".