وەزارەتی پەروەردە لەسەر بڵاوكردنەوەی ناوەرۆكی نێو كۆبونەوەكان لە فەیسبوك هاتە دەنگ

AM:09:54:07/12/2017
كورد میدیا:
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا نابێت بەهیچ شێوەیەك نوسراوە فەرمییەكانی وەزارەت و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان لە نێو تۆڕەكۆمەڵایەتییە شەخسیەكان (بەتایبەت فەیسبوك) بڵاوبكرێتەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم، لە ڕێگەی گشتاندنێكەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان) ڕایدەگەیەنێت"بەهۆی بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست و بەلاڕێدابردن، لەمەودوا نابێت بەهیچ شێوەیەك نوسراوە فەرمییەكانی وەزارەت و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان لە نێو تۆڕەكۆمەڵایەتییە شەخسیەكان (بەتایبەت فەیسبوك) بڵاوبكرێتەوە".

هاوكات جەختی لەوە كرۆدتەوە، تەنیا بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە گشتییەكان و پەروەردەی قەزاكان بۆیان هەیە بەشێوەیەكی فەرمی نوسراو و هەواڵەكانی پەروەردە بڵاوبكەنەوە.

هەروەها دەشڵێت: هەركەسێك ئارەزوومەندانە دەتوانێت شێری بكات، بەڵام بەپێچەوانەوە بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵ و نوسراوێك كەسەكە خۆی بەرپرسیار دەبێت.