تره‌مپ قودسی وه‌ك پایته‌ختی‌ ئیسرائیل ناساند

PM:09:22:06/12/2017
كورد میدیا:
سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا شاری‌ قودسی‌ وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد کار بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بكات لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس.

تره‌مپ له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ پابه‌ند ده‌بێت به‌ پاراستنی دۆخی‌ ئێستای شاری‌ قودس و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی‌ هه‌ردوو وڵات.

سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا راشیگه‌یاند كه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ بۆ دانپێدانان به‌ شاری‌ قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل زۆریش دواكه‌وتووه‌.

دۆناڵد تره‌مپ له‌ كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا یه‌كێك له‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو پۆستی سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا وه‌ربگرێت ئه‌وا باڵیۆزخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ شاری‌ ته‌لئه‌بیب-ه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شاری‌ قودس.