هەڤاڵ ئەبوبەكر وێنەكانی تاڵەبانی و بارزانی لادەبات

PM:04:55:06/12/2017
كورد میدیا:زانكۆ سەردار
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە نجومەنی پارێزگاری سلێمانی ئەوە ڕادەگەیەنێت، نەدەبوو لەئێستادا ئەو وێنانە لاببرێت و ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیش لەئەنجومەنەكە دەڵێت"د.هەڤاڵ لەسەرەتای دەست بەكاربونیەوە بەدروشمی خانوە قوڕەكانی مام جەلال دەستی پێكرد".

زیاد حەمەڕەزا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی لابردنی وێنەی هەریەكە لە (مام جەلال و مەسعود بارزانی) لەژوری (د.هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی بە (كورد میدیا)ی ڕاگەیاند"ئێستا كاتی لابردنی ئەو وێنانە نیە، جەنابی مام جەلال یەكێكە لەسەركردە و كاریزماكانی كورد كە ماوەیەكی كەمە وەفاتی كردوە، پێویست نەبوو لەم كاتەدا وێنەی مام جەلال لاببرێت".

زیاد حەمە رەزا ئاماژەی بەوەش دا، لەم كاتەدا هەموو دنیا داوا دەكات كورد زیاتر تەبا و یەك ریز بن، بۆیە لابردنی ئەو وێنانە رەنگە دڵی زۆر كەسی رەنجاند بێت.

وتیشی"دەبێت لە د.هەڤاڵ خۆی بپرسێت پەیامی پشت لابردنی ئەو وێنانە چیە، چونكە پێم وانیە بزوتنەوەی گۆڕان پێان وتبێت ئەو وێنانە لابەرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسا دەكرێت وێنەی سەرۆككۆمار هەڵبواسرێت، بەڵام وەكخۆی دەڵێت "لەئێستادا پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد باش نیە، بۆیە نەدەبوو وێنەكان لاببرێن".

هاوكات لەبەرامبەریشدا، (رێكەوت زەكی) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانی لەپشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ (كورد میدیا)  وتی"من بۆچونی د.هەڤاڵ لەسەر مام جەلال دەزانم، بۆنمونە چونەكەی بۆسەر مەزارگەی مام و ئەو قسانەی لەوێ‌ لەسەر كەسایەتی مام كردنی ئاشكرایە، دواتر سەردانی جەنابی هێرۆخانی كرد، پاشان دروشمەكەی مام جەلال كە هەمیشە دەیوت لە خانوە قوڕەكانەوە دەستپێدەكەین، كاك دكتۆر هەڤاڵیش كە یەكەم رۆژ دەستی بەكاركرد ئەو قسانە دەستی پێكرد".

رێكەوت زەكی جەختی لەوە كردەوە، ئەوەی پارێزگاری سلێمانی شتێك نیە تەنها لەبەر مام جەلال كردبێت.

وتیشی"پێم وانیە هیچ پەیامێك لەپشت لابردنی ئەو وێنانەوە هەبێت، چونكە پێم وانیە د.هەڤاڵ خوانەكردە لە كەم ڕوانینی مام جەلالەوە ئەوەی كردبێت".