جارێکی تر دۆسیەی کاوە گەرمیانی دەجوڵێندرێتەوە

PM:03:47:05/12/2017
کورد میدیا:دەروون رەشید
لە ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی-دا، برایەکی گەرمیانی بە تۆمەتی رێکخستنی خۆپیشاندان دادگایی دەکرێت و بکوژانی راستەقینەی رووداوی تیرۆرکردنەکەش بە نادیاری ماونەتەوە، بنەماڵەکەی بەنیازن دۆسیەکە ببەنە دادگاکانی عیراق.

شەوی ٥ی ١٢ی ٢٠١٣رۆژنامەنووسی دیار و ئازادی ناوچەی گەرمیان، کاوە مەحمەد ئەحمەد ناسراو بە (کاوە گەرمیانی)، لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەر دەستڕێژی گولە و شەهیدکرا.

ئەم تاوانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوای خۆیدا هێناو بازنەی خۆپیشاندان و ناڕەزایییەکان دژی تیرۆرکردنەکە، زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە، بەتایبەتی لە گەرمیان و سلێمانی و هەولێر، هەروەها زۆربەی ڕێکخراو وحزبە کوردییەکان بەیاننامەیان بڵاوکردەوەو ئیدانەیان ئەو کارەیانکرد.



جگە لە هەرێمی کوردستان تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی کاردانەوەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە، بەجۆرێک ئاژانسی وۆرلد بلوتین-ی سویدی نووسیویەتی،"ڕۆژنامەوانێکی کورد لە دژی گەندەڵی لە کوردستان کوژرا".

هاوکات رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور RSF، بەیاننامەیەکی نووسراوی سەبارەت بە تیرۆرکردنەکە بڵاوکردەوە و وێڕای مەحکوومکردنی تیرۆری ناوبراو، داوای لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد کە بکوژانی کاوە بدۆزنەوە.

کاروان ئەحمەد، برای رۆژنامەنووسی تیرۆر کراو (کاوە گەرمیانی)، بە (کورد میدیا)ی راگەیاند:"هیچ بەروەپێش چونێک لە دۆسیەی کاوە گەرمیانی نییە، دادگاش دەستەوەستان دانیشتووە، تەنها ئەو کەسە هەیە کە سزادراوە، بەڵام ئێمە دڵنیاین بەرپرسی گەورە لەپشتی ئەم تاوانەوە هەیە، چونکە کەسێکی حزبی یاخود ئاسایشێکی ئەم حکومەتە، لە خۆڕا هەڵناستێت بە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسێک".

لەبری دادگایی کردنی بکوژانی کاوە گەرمانی و لەڕۆژی تیرۆرکردنی براکەماندا، دادگا بە تۆمەتی رێکخستنی خۆپیشاندان، ئەمڕۆ سێشەممە برایەکی تری کاوە گەرمیانی بە ناوی(کارزان ئەحمەد) دادگایی کراوە، سکاڵاکەش لەلایەن داواکاری گشتییەوە بە تۆمەتی رێکخستنی خۆپیشاندان تۆمار کراوە، کە بەمەبەستی باشکردنی موچەی موچەخۆران و کێشەی ئاو و کارەبا رێکیخستبوو.



کاروان ئەحمەد، باس لە کێشەیەکی کاوە گەرمانی دەکات لەگەڵ بەرپرسێکی حزبی و دەڵێت، "موڵکێک هەبوو کە هی بەرپرسێکی گەورەی حزبی بوو و لە کەسێکی داگیر کردبوو، دواتر خاوەنی راستەقینەی ئەو موڵکە لێدوانی بۆ (گۆڤاری ڕایەڵ)دا کە کاوە گەرمیانی سەرنوسەری بوو و ئاماژەی بەوەکرد، "موڵکەکەی لەلایەن ئەو بەرپرسەوە لێ داگیرکراوە، بەڵام دواتر بە عەشایەری لە ناوخۆیاندا کێشەکەیان چارەسەرکرد".

وتیشی، "دوای چارەسەرکردنی کێشەکەی لەگەڵ ئەو بەرپرسە، خاوەن موڵک لە لێدوانەکەی پاشگەزبووەوە، بەوهۆیەوە گۆڤارەکە لەدوای تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، بەبڕی سێ ملیۆن دینار سزادرا و ناچار ئێمە بڕی سزاکەمان دا بە دادگا، بەڵام لە ئێستادا دووبارە تانەمان لەو بڕیارە داوەو داوای تەمیزکردنەوەی دەکەین".

کاروان ئەحمەد لەبارەی سکاڵاکانیان لەسەر تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، رایگەیاند،" لەسەرەتای دۆسیەکە سکاڵامان لەسەر دوو بەرپرسی گەورەی حزبی(عەدنانی حەمەی مینا و مەحمود سەنگاوی) تۆمارکردبوو، چونکە ئەو بەڵگانەی لەبەر دەستی ئێمەبوو لەسەر (مەحموود سەنگاوی)  تۆمارە دەنگیەکە بوو، هەروەها ئەو کەسەش کە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە کاوە گەرمیانی تیرۆرکردووە ناسراو بووە و خزمی نزیکی ئەو بەرپرسە بووە، بەڵام دادگا ئازادی کردن".

ئەو برایەی کاوە گەرمیانی جەختی لەوەشکردەوە، کە سوورن لەسەر ئاشکراکردنی بکوژانی راستەقینەی کاوە گەرمانی و وتی"ئێمە  بروامان بە دادگاکانی هەرێم نەماوە ئەگەر بەڵگەی مەلموسیشمان بەردەست بکەوێت نایبەینە لایان، کاتی خۆشی بروامان پێی نەبوو بەڵام ناچاربووین کە دۆسیەکەمانی بدەینە دەست دادگاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەنیازین پاش ماوەیەکی تر کێشەی تیرۆرکردنی کاوەگەرمیانی ببەینە دادگای فیدڕاڵی عیراق(رەسافە)و لەوەێ سکاڵا تۆمار بکەین، هەروەک دۆسیەکەمان لە پەرلەمانی ئەوروپاش هەیە، بۆیە دوای داخستنیشی ئێمە لە دۆسیەکەمان بێدەنگ نابین تا بکەرانی ئاشکرانەکرێن".

مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا

لە پاش روداوی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، هەردوو بەرپرسانی باڵای یەکێتی (مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا)، لە روونکردەوەیەکدا راکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆیان بە کوشتنی کاوە گەرمیانی-ان رەتکردەوەو رایانگەیاند، "هاوكار و پشتیوانی هه‌موولایه‌ك ده‌بین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ ره‌شه‌ی ئه‌و تاوانه‌ دڕندانه‌ی ئه‌نجامداوه‌".

کاوە گەرمیانی لەدوای خۆی ژن و منداڵێکی بەجێهێشت کە مەرگ دەرفەتی پێ نەدا (ئامەد)ی کوڕی لەئامێز بگرێت، کە لە دوای شەهید کردنی لەدایکبوو.

لەبارەی ژیانی خێزان و منداڵەکەی کاوە گەرمیانی، کاروان ئەحمەد باسی لەوەکرد، " ئێستا هەموومان لە ماڵێکدا بەیەکەوە بە دەژین، ئامەد گەورە بووەو خستومانەتە بەر خوێندن، ئێستا لە پۆلی یەکی باخشەی ساوایانە".


جێی ئاماژەیە کاوە گەرمیانی لە دوای کوژرانی (سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و عەبدولستار تاهیر شەریف) چوارەم ڕۆژنامەنوسی دیاری هەرێمی کوردستانە، کە تا ئێستا بەهۆی کاری رۆژنامەوانییەوە کوژراون.

هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک، ژیان و جوڵەی سیاسی هێشتا نەبوەتە ئەو ژینگەیەی رۆژنامەنووس ئازاد بێت لە دەربڕینی راستییەکان، هەروەک زۆرێک لە رۆژنامەنووسانی ئازادی خواز و چالاکوانی مەدەنی پێیان وایە، "ئەوەی حوکمی یاساو ڕادەربڕین دەکات"، مافیا گەلێکن، کە دڵیان بەرگەی راستییەکان ناگرێت و چاویان دیموکراسی و مافی زانینی میلەت لە سەر راستییەکان نابینن.



کاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنوسێکی مەیدانی بوێر بوو، چەندین راپۆرتی لە سەر حزبەکان بە گشتی بڵاودەکردەوە، یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی لەسەر (مەحمود سەنگاوی) بوو، بەڵام نەک تەنها (کاوە گەرمیانی) بەڵکو زۆر ڕۆژنامەنوسیتر راپۆرت و نوسینیان لەسەر تێکڕای سیاسییەکان دەنوسی، بەڵام نەکرانە ئامانجی تیرۆر.

بەپێی زانیارییەکان ئەوەی بووە هۆکاری بڕیاری سەپاندنی مەرگ بەسەر (کاوە گەرمیانی)، بە وتەی بنەماڵەکەی بڵاوبونەوەی ئەو دەنگە تۆمار کراوە بوو کە تەنها زیان نەبووە بۆ سەنگاوی، بەڵکو زیانی بە بەرژەوەندی گشتی حیزب(یه‌کێتی)دەگەیاند.