ئەرك و زانیارییە تەكنیكیەكانی ئۆتۆمبێل

AM:10:29:04/12/2017
كورد میدیا: ڕاگەیاندنی هاتووچۆی گەرمیان
شۆفێری ئۆتۆمبێل بەرپرسە لە سەلامەتی سەرنشینانی ئەو ئۆتۆمبێلەی كە لێ ی دەخوڕێت و پێویستە پشكنینی خولی ڕۆژانەو مانگانە بۆ ئۆتۆمبێلەكەی بكات و دڵنیا بێ لە شیاویەكەی و نەبوونی كەموكورتی.

پشكنینی خولی:
١-پێش دەست پێ كردن بەلێخوڕینی ئۆتۆمبێل پشكنین بۆ دەرەوەی ئۆتۆمبێلەكەت بكە، دڵنیا بە لەوە كە هیچ بەربەستێك لە دەوروبەرو ژێرەوەی ئۆتۆمبێلەكەت نیە و لەهەمانكاتدا باری تایەكان بپشكنە لە گونجاوی بڕی هەوا تێیاندا.

٢-ئاستی ڕۆنی بزوێنەر و ئاوی ڕادێتەر بپشكنە، سەیری ئەندازەی شلەی وەستێنەر(ڕۆن برێك) بكە، دڵنیابە لە دزەنەكردنی شلە لەسیستەمی وەستێنەر، هەروەها لەگونجاوی ئاستی ئاوی پاتری دڵنیابە.

پێویستە ئەم پشكنینانە ڕۆژانە بۆ ئۆتۆمبێلی كۆن و مانگانەش بۆ ئۆتۆمبێلی نوێ ئەنجام بدرێت.

شوێنەكانی پشكنینی بزوێنەر كە پێویستە شۆفێر بیپشكنێت.
١-عەمباری شلەی سوكان.
٢-قەباغی تێكردنی ڕۆنی بزوێنەر.
٣-عەمباری شلەی وەستێنەر.
٤-فلتەری هەوا.
٥-پاتری.
٦-پێوەری ڕۆنی بزوێنەر.
٧-قەباغی ڕادێتەر.
٨-عەمباری سارد كردنەوەی ئاوی بزوێنەر.
٩-عەمباری ئاوی پاككەرەوی جامی پێشەوە.