ئه‌مریكا داواكاری حكومه‌تی هه‌رێمی بۆ ناردنی وه‌فدی دیپلۆماتی تایبه‌ت ره‌تكردوه‌ته‌وه‌

PM:03:24:03/12/2017
ژیان، ئه‌ی ئای ئێن ئه‌ی و به‌غداد الیوم
"حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ نهێنی نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی كردووه‌ بۆ رازبوون به‌ سه‌ردانیكردنی وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و له‌ ئێستادا چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌یه‌ بۆ ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆكان و داواشی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كردووه‌ وه‌فدێكی تایبه‌ت بنێرێته‌ عێراق به‌ به‌مه‌به‌ستی نێوه‌ندگیری كردن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام ئه‌مریكا ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكات".

له‌پاش روداوه‌كانی 15ی تشرینی دووه‌م و رۆژانی دوای كه‌ تێیدا هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی زۆری خاكه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا و له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵكرا په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان لوتكه‌ی تێكچوونیان به‌خۆیانه‌وه‌ بینی، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ به‌مشێوه‌یه‌ نه‌مایه‌وه‌ كاتێك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار و به‌چه‌ندین شێوه‌ی جیاواز دوای ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق كرد.

ئه‌وه‌ی كه‌ بووه‌ جێگه‌ی سه‌رنج دوای ده‌ستپێكردن به‌م قۆناغه‌ وه‌ڵامه‌ ساردوسڕه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یه‌در عه‌بادی بوون كه‌ چه‌ندین جار  مه‌رجی بۆ ده‌ستكردن به‌ فتوگۆكان له‌گه‌ڵ هه‌رێم دانا و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ قۆناغی دووه‌م بكات له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان. قۆناغی دووه‌می ئه‌م گفتوگۆیانه‌ كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری و نێوه‌ندگیری نێوده‌وڵه‌تیبوو رێك له‌وكاته‌ی كه‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌ فه‌رمی فه‌رمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلول-ی  ده‌ركرد. به‌پێی نوێترین زانیارییه‌كان حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئێستدا به‌ نێوه‌ندگیری باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق و له‌ڕێگه‌ی ناردنی نامه‌یه‌كی نهێنییه‌وه‌ ده‌ستی به‌ قۆناغێكی نوێی گفتوگۆكان كردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی كوردی ئاگادار له‌ ورده‌كاری گفتوگۆكان كه‌ نایه‌وێت ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ ده‌ڵێت "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی كردووه‌ بۆ ده‌ستكردن به‌ گفتوۆگان و سه‌ردانیكردنی وه‌فدی هه‌رێم بۆ به‌غدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ چاوه‌رێی وه‌ڵامی نامه‌كه‌ن له‌ به‌غداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌گفتوگۆكان بكه‌ن و وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌ "حكومه‌تی ناوه‌ندی مه‌رجی ئه‌وه‌ی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم داناوه‌ ئه‌و وه‌فده‌ی كه‌ ده‌چێته‌ لایان بۆ گفتوگۆكردن له‌ سه‌ر كێشه‌كانی ئه‌م دوواییه‌ی هه‌رێم و به‌غدا ده‌بێت نوێنه‌ری سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی به‌غدای تێدابێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند جارێك سه‌ردانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌".

له‌باره‌ی كاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كا به‌ گشتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆنبوونیان له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیاندا له‌م دۆخه‌ی ئێستادا ناویان ده‌ركردووه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌ "سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم توانیویه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی رازیبكات به‌ ناردنی نوێنه‌ریان بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو یه‌كگرتووی هه‌ڵوێستی كورد له‌ عێراق".

هه‌وڵدان بۆ راكێشانی سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ گشتی و ئه‌مریكا به‌ تایبه‌تی به‌شێكی تره‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ئێستاشدا باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌ نهێنی هه‌وڵی ئه‌و نێوه‌ندگیرییه‌ ده‌دات.

به‌ وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ كوردییه‌، دۆگلاس سلێمان،باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ ئێستادا له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆی نێوندگیری له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پێشتریش ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌مریكا نامه‌یه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی گه‌یاندوه‌ته‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌مه‌به‌ستی رانه‌گه‌یاندی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی شه‌رمه‌زار نه‌بن، به‌ڵام حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌مه‌رازینه‌بووه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند جارێك له‌ڕێگه‌ی جه‌ختكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری رۆڵی ئه‌مریكا له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ به‌یاننامه‌ و لێدوان ڕۆژنامه‌وانییه‌كانیدا داوای له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌فدێكی دیپلۆماسی تایبه‌ت بنێرێته‌ عێراق تا سه‌رپه‌رشتی گفتوگۆكان بكات و نێوه‌ندگیری بكات له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام واشنتۆن ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ئه‌نجامبدات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ هێزێر ناوێرت، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی ئاسایی خۆیدا ئاشكرایكرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌نییه‌ وه‌فدی تایبه‌ت بنێرێت بۆ عێراق و رایگه‌یاند " ئێمه‌ وه‌ك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی به‌ پێویستی نازانین وه‌فدی تایبه‌ت بنێرین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".

هه‌ر له‌ كۆنگۆره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا  وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فه‌رمی داوامان لێ نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ستناكه‌ین ناردنی نوێنه‌ری دیپلۆماتی تایبه‌ت بۆ عێراق كارێكی پێویست بێت، چونكه‌ پێشتر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا برێت مه‌كگۆرك، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشی ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم و به‌غداش بكات، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، رێكس تێله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیی به‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و ناوه‌نده‌وه‌ كردووه‌".

ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایدا گرنگه‌  ئاماژه‌ی پێ بكرێت ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ له‌ ئێستادا بۆ كورد له‌  ڕۆژئاوا و باشوری كوردستان  هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ هاوپه‌یمانیه‌تی كورد و ئه‌مریكا، چونكه‌ ئه‌و روداوانه‌ی كه‌ روده‌ده‌ن له‌ باشوری و ڕۆژئاوای خه‌ریكه‌ ئه‌و ئاماژه‌یه‌ ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ چیتر ئه‌مریكا هاوپه‌یمانه‌ به‌هێزه‌كه‌ی كورد نیه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هاوكێشانه‌ بگۆڕێ كه‌ له‌ ڕۆژئاوای به‌هۆی داواكردنی فیدراڵی و له‌ باشور به‌هۆی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمه‌وه‌ دروستبوون.¬