لە سەنتەرێکی هەولێر دەرمانی بەسەرچوو دەدرێت بە تووشبوانی سیل

PM:12:37:01/12/2017
کورد میدیا:
بەهۆی نەناردنی دەرمان لە لایەن حکومەتی عیراقەوە، سەنتەری نەخۆشی سیل لە هەولێر دەرمانی بەسەرچوو دەدات بە بە تووشبوانی سیل و پیێان وایە کە دەرمانە بەسەرچووەکە بدرێتە نەخۆش باشترە لەوەی کە بێ دەرمانبن.

بەرپرسی سەنتەری نەخۆشییەکانی سینگ و هەناسەدان، بە میدیایەکی نزیک لە پارتی راگەیاندووە:" لەبەر ئەوەی دەرمان نییە وبەغداش بەشی کوردستانی بڕیوە یان زۆر کەمتر لە پێویست دەنێرێت، بۆیە ناچارین دەرمانی ئێکسپایەر بە نەخۆشەکان بدەین، وەک لەوەی کە هەر هیچیان پێنەدەین.

پێشتر کوالیتی کۆنتڕۆلی هەرێمی کوردستان، نوسراوێکی بۆسەنتەری نەخۆشییەکانی سینگ و هەناسەدان کردوە، کە دەتوانن تاوەکو کۆتایی مانگی بەسەرچوونیان ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن، بەڵام دوای دوو مانگ لە بەسەرچوونیان، دەرمانەکان بەکاردەهێندرێن.

جێی ئاماژەیە بەپێی ئامارەکان تەنیا ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستان 779 تووشبووی نەخۆشی سیل تۆمارکراون، لەو رێژەیەش 329 تووشبوویان لە هەولێر، 304 تووشبووشیان لە سلێمانی و 146 تووشبووی دیکەی نەخۆشی سیلیش لە دهۆکن. لە ساڵی 2017 لە کوردستان 634 حاڵەتی سیل تۆمارکراون.