مژده‌یه‌ك له‌ روسیاوه‌ بۆ هانده‌رانی‌ یارییه‌كانی‌ مۆندیال

PM:07:30:30/11/2017
كورد میدیا:
حکومەتی‌ ڕوسیا ڕایگەیاند، هاندەرانی یارییەکانی‌ مۆندیالی ٢٠١٨ دەتوانن بە بێ ڤیزا لەسەرجەم وڵاتانی‌ جیهانەوە بێنە ڕوسیا.

ئاژانسی ئەنتەرفاکسی ڕوسی بڵاویکردەوە، حکومەتی‌ ڕوسیا بڕیاریداوە ڤیزا پێویستە نییە بۆ هاتنی‌ هاندەرانی یارییەکانی‌ مۆندیال و تەنها هاندەران دەتوانن داواکاری وەرگرتنی‌ ناسنامەی‌ هاندەری بکەن و پێیان دەدرێت و ئەو ناسنامەیەش جێگەی ڤیزا دەگرێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هاندەران هەر بەو ناسنامەیە دەتوانن سەرجەم هۆکارەکانی‌ گواستنەوەی‌ گشتی‌ لە ڕوسیا بە خۆڕایی بەکاربهێنن لە سەرجەم ئەو شارانەی‌ کە یارییەکانیان تیدا دەکرێت.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەم ڕێگە دانە  هەموو کەسێک دەگرێتەوە و دەتوانرێت داوکارییەکەش لەڕێگەی‌ ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە و یاخود لە چەند بنکەیەکی‌ تایبەتمەند لە ڕوسیا  پێشکەش بکرێت و لەگەڵ یەک وێنەی‌ کەسەکە و دواتر ناسنامەی‌ هاندەری بۆ دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدا بە پێی بڕیاری فیفا مۆندیالی ٢٠١٨ لە وڵاتی ڕوسیا ئەنجامدەدرێت کە ١٢ یاریگا  لە ١١ شاری وڵاتەکە  بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکراون.