داوا دەكرێت پاڵاوگە نوێكەی دوكان بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان

PM:03:38:26/11/2017
ژیان
خورشید ئەسكەندەر، لەیەكێك لەبازاڕەكانی فرۆشتنی نەوتدایە، یەك "دلۆِپە نەوت" لەماڵەكەیدا نیە، دەگەڕێت بەسەر دوكانەكانی نەوت فرۆشیدا بۆ "ئەوەی بەهەرزانترین نرخ نەوتێكی باشی دەستكەوێت" هیچ گرەنتیەكیش نیە بۆ دەستكەوتنی نەوتێكی باش، وتی "بەرمیلێك نەوت بە 140 هەزار دینارە، ئاخر چۆن دەبێت ئەوەندە نرخی نەوت گرانبێت".

ئەو نەوتەی خورشید كڕی بەرهەمی نەوتی پاڵاوگەی بازیان بوو، كە ڕۆژانە نزیكەی 50 هەزار بەرمیلی لەنەوتی كەركوك بۆ هەناردە دەكرێت‌و دەیپاڵێوێت پاشان بەنرخی بازرگانی دەیفرۆشێتەوە،  جۆرە نەوتێكی دیكە لەبازاڕدا بەنەوتی كەركوك ناسراوە، نرخەكەی لەنێوان (125 بۆ130) هەزاردایە بۆ هەر بەرمیلێك، ئەمەش بۆ خورشید‌و بەشێكی زۆری هاوڵاتیان گرانە‌و توانای كڕینیان نیە، لەساڵی (2013 تا2017) نرخی یەك بەرمیل لەو نەوتەی هاوڵاتیان بۆ خۆگەرمكردنەوە دەیكڕن 50 % زیادیكردووە.

هەرێمی كوردستان، بەبێ نەوت‌و بەكارەبایەكی كەمەوە بەرەوە زستانێكی سەخت هەنگاو دەنێت، ئەوەش لەكاتێكدایە نرخی نەوت سەرباری هەوڵی ئەنجومەنە خۆجێیەكان و پارێزگاكان كەمترین دابەزینی بەخۆوە بینبووە، بەڵام ئێستا چاوەكان لەسەر كردنەوەی پاڵاوكە نوێكەی دوكانن بۆ هەرزانكردنی نرخی نەوت.

غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی پاڵاوگەكانی ناوخۆ نەوت دەپاڵێون بەڵام هەر گرانە بڕوای بەوە هەیە كە هاتنی نەوت لەعێراق ڕەنگە نرخی نەوت دابەزێت.

بە (ژیان)ی وت "عێراق 30 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێم دەنێریت‌و تەنها وەجبەی یەكەمی هاتووەو لەم هەفتەیەدا دەستدەكرێت بەدابەشكردنی نەوت".

بەبڕوای سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، تاكە چارەسەر بۆ هەرزانی نرخی نەوت، پاڵاوگەی سورقاوشانی نزیك دوكان كە ئەم هەفتەیە دەكەوێتە كارو نەوتی ناوخۆی پێدراوە.

غالب محەمەد، وتی "پاڵاوتگەی سورقاوشان بەرهەمی نەوتی سپی‌و نەفتا و گازوایل بەرهەم دەهێنیت، پێویستە نەوتەكەی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە".

پێش ئەوەی هەرێمی كوردستان بكەوێتە ناو قەیرانی داراییەوە، ساڵانە حكومەتی هەرێم لەڕێگەی فۆرمی خۆراكەوە دوو بەرمیل نەوتی بەهەر خێزانێك دەدا، بەڵام لەگەڵ قوڵبونەوەی قەیرانەكە لەساڵی 2015ەوە حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبكات.

سەرباری كەمی نەوت، خراپی دۆخی كارەباش هاوڵاتیانی بەتەواوی ترساندوە، بەرپرسانی وەزارەتی كارەباش خراپی دۆخی كارەبا ناشارنەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كارەبای سلێمانی، پێشبینی دەكات بۆ زستان چوار بۆ شەش كاتژمێر كارەبا بدرێت بە هاوڵاتیان، چونكە ئەو كارەبایەیی ئێستا بەرهەم دەهێنریت بەشی پێویستی هاوڵاتیان ناكات.

سیروان محەمەد، بە (ژیان)ی وت "مۆلیدەكان بەپێی خشتەی خۆیان كاردەكەن‌و تەنها دەتوانن كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ بۆ یەكی شەو كار بكەن، بۆیە پێشبینی دەكەین پارەی كارەبای مۆلیدە زۆربێتەوە بۆ هاوڵاتیان".

بەپێویستی زانی، حكومەتی هەرێمی كوردستان سوتەمەنی بەسەر هاوڵاتیان دابەشبكات بۆ ئەوەی لۆد كەمتر بكەوێتە سەر كارەبا.