كچانی دهۆك دەستبەرداری "كیلۆ زێڕ" دەبن

PM:03:06:26/11/2017
ژیان: عەمار عەزیز
كچانی دهۆك بۆ هاوسەرگیری دەستبەرداری مەرجە قورسەكانیان بوون، كەدیارترینیان داوای زێڕ بوو بەكیلۆ، ئەوەش بەهۆی قەیرانی دارایی‌و دابەزینی توانای دارایی كوڕانەوە.

 لەساڵانی رابردوودا كچانی دهۆك بەوەناسرابوون كە مەرجی قورسی داراییان هەیە بۆ هاوسەرگیری، بەڵام ئێستا وەك خۆیان باسی دەكەن دەستبەرداری ئەو مەرجانە بوون.

شەهلا رێكانی، دانیشتووی دهۆك باسی لەوەكرد، رەوشی ئێستا كاریگەری زۆری لەگەنج كردووە، وای لێ هاتووە نەتوانن داوای هاوسەرگیری لەكچان بكەن، لەترسی ئەوەی داوای زێڕێكی زۆر بكات.

ئەو كچە بۆ (ژیان) وتیشی "پێش قەیرانی دارایی كچان بەگشتی داوای زێڕێكی زۆریان دەكردو بەكیلۆ داوایان دەكرد، بەڵام ئێستا كچانی دهۆك زۆر زێڕ ناخوازن لەترسی ئەوەی لەداهاتودا نەبنە قەیرە".

داوای زێڕ بەكیلۆ وەك مەرجی هاوسەرگیری تاڕادەیەك شتێكی ناباو بوو لەزۆربەی ناوچەكانی هەرێم جگە لەدهۆك، كچانی ئەو ناوچانە زیاتر بەمسقاڵ داوای دەكەن.

شەیدا رەجەب (23 ساڵ) هێشتا شوی نەكردووە وتی "داواكردنی رێژەیەكی زۆر زێر لای كچانی دهۆك پێش قەیرانی دارایی دیاردەیەكی ئاشكرا بوو، لەبەرئەوەی رەوشی زۆربەی خێزانەكان باش بوو".

هەروەها بۆ (ژیان) باسی لەوەكرد، هەركەسێك داوای هاوسەرگیری لێ بكات، 250 هەتا 300 غرام زێر داوا دەكات، ئەمەش رێژەیەكی گونجاوە بۆ كوڕان. لەگەڵ دابەزینی ئاستی مەرجەكانی كچانی دهۆك بۆ هاوسەرگیری.

 هێشتا شەرمین یونس، كەساڵێكە شوی كردووە پێیوایە بەراورد بەناوچەكانی دیكە هێشتا كچانی ئەو پارێزگایە داوای زێڕێكی زۆر دەكەن، هەرچەندە رێژەكەیان كەمكردووەتەوە.

ئەو كە بۆ هاوسەرگیری مەرجی ئەوەی نەبووە بەكیلۆ زێڕی بۆ بكڕدرێت وتی "بەگشتی هێشتا لەمانای هاوسەرگیری تێنەگیشتووین، بۆیە هەندێك شت وەكو زێڕێكی زۆر لای ئێمە گرنگن".

دهۆك، هاوسنوورە لە گەڵ توركیاو سوریا، لە سنووری پارێزگاكە نەتەوەی كوردو كلدان و ئاشوور و ئەرمەن دەژین، هەروەها ئاینی ئیسلام‌و مەسیحی‌و یەزیدی بەیەكەوە دەژین.

توێژەرێكی كۆمەڵایەتی پێیوایە، خواستی زێڕی زۆر لەلای كچانی دهۆك، گیرۆدەبوونە بەكلتورێكی نوێ‌و هەڵەو مەبەست لێی خۆدەرخستنە.

عەبدولرەحمان چاربوتی بۆ (ژیان) باسی لەوەكرد، هەر كچێك داوای ئاڵتونی زۆر بكات، واتە خۆی بەدەوروبەری نیشاندەدات كە ماڵی شوەكەی بایەخێكی زۆریان پێ داوە.

هەروەها بەپێویستی زانی، لە ڕێگای ماموستایانی ئاینی‌و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییەوە بنەماڵەكان هۆشیار بكرێنەوە، كە ئەو كارە دەبێتە هوی زیادبوونی كچانی قەیرە، هەروەها لەسەر گەنجەكانیش پێویستە نەچنە ژێر باری داخوازییەكانی كچان.