لەشكستیشدا وازناهێنن
تەنها مەرگ سەركردەكانی كورد لەسیاسەت دووردەخاتەوە

PM:01:56:26/11/2017
ژیان: رێژوان ئازاد
دوای تێپەڕبونی مانگ‌و نیوێك بەسەر لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستاندا، هیچ كام لەسەركردەی هێزە سیاسیەكان نە داوای لێبوردنیان كرد‌و نە دەستبەرداری پۆستەكانیان بوون، تاكە شتێك سیاسیە كوردەكان لەسیاسەت دووربخاتەوە تەنها مەرگە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، كەسی یەكەمی هێزە سەرەكیەكانی هەرێمی كوردستان، بەبەڵێ‌ دەنگیان بەریفراندۆمدا، كە بەهۆیەوە حكومەتی عێراق دەستی بەسەر نیوەی خاكی كوردستاندا گرت، كە لەدەستووردا بە ناوچەی جێناكۆك ناودەبرێن.

لەكوردستان ئەوە باوە، كە سەركردە سیاسییەكانی كورد لەخراپترین بارودۆخی تەندروستی‌و شكستیشدا واز لەكاری سیاسی‌و پۆستەكانیان ناهێنن‌و تەنها مردن لەسیاسەتكردن دووریان دەخاتەوە.

 دانا سەعید، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دەڵێت نەریتی وازهێنان لەكاری سیاسی‌و دەستبەرداربوون لەكورسی دەسەڵات نەك نەبووە بەنەریت لەهەرێمی كوردستان بەڵكو بەپێچەوانەوە وازهێنان بووە بەجۆرێك لە لەكەداربوونی كەسەكە لەناو گۆڕەپانی سیاسەتدا.

وتی "لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی نەریتی وازهێنان لەكاری سیاسی دەگمەنەو ئەوەش بووەتە مۆركێك بەناوچاوانی سیاسەت لەناوچەكە، چونكە بەدرێژایی زیاتر لەنیو سەدە دەسەڵات بەدەست نەوەیەكەوە دەبێت‌و دواتریش بۆ منداڵ‌و نەوەكانیان‌و ئەوەش دابڕان لەنێوان خەڵك‌و چینی دەسەڵات درووست دەكات" .

پێیوایە، بەبێ‌ جیاوازی هیچ كام لەسەركردەكانی كورد لەكۆنەوە تا ئێستا نە لە لەشساغیدا نە لەخراپترین باری تەندروستیدا ئامادەی دەستبەرداربوون لەكورسی‌و پلەو پایە نین، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئەو سەركردانە سیاسەت وەك خزمەتكردن بەخۆیان سەیر دەكەن نەك خەڵك‌و هاوڵاتیان".

سێ‌ ساڵ زیاترە خەڵكی كوردستان بەدەست قەیرانەكانەوە دەناڵێنێت‌و دواهەمین ڕووداویش دەستبەسەراگرتنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بوو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، كە بەهۆیەوە كورد زیاتر لەنیوەی خاكی كوردستانی لەدەستدا، لەشكركێشیەكە لەدەرئەنجامی پرۆسەی ریفراندۆمدا بوو، كە كەسی یەكەمی هەموو حزبەكان بەشدارییان كرد‌و بەشێكیان هەر لەبڕیاردان‌و بانگەشەی ریفراندۆمیشدا دەركەوتن.

مانگ‌و نیوێك تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕووداوانەدا، بەڵام هیچ بەرپرسێكی حزبی نە لەلایەن حزبەكەیەوە نە لەلایەن دەزگاكانی چاودێرییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەكرا.

جەلال تاڵەبانی، كە‌ لە ‌1-6-1975 لەدیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەك لەهاوڕێكانیدا یەكێتیی نیشتمانی كوردستانی دامەزراندو بووە سكرتێری گشتی یەكێتی هەتا ساڵی 2017 و كۆچی دوایی لە 3/10/2017 هەر بەسكرتێری گشتی ئەو حزبە مایەوە، ئەمە لەكاتێكدا كە لەكۆتایی ساڵی 2012 هەتا رۆژی كۆچكردنی نەخۆشكەوتبوو و توانای ئیدارەدانی سیاسی نەمابوو.

هەروەها نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەوەی خەباتی سیاسی ئەو بۆ سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی 2009دا بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد‌و هەتا كۆچی دوایی لە 19ی 5ی 2017 بەرێكخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە مایەوە، لە 22ی 9ی 2015 بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی سەردانی ئەڵمانیای كردو لەدوای چارەسەری پزیشكی لەبەریتانیا نیشتەجێبوو، لەو كاتەوە هەتا رۆژی كۆچی دوایی نەخۆشبوو و لەبەرێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان دوور بوو بەڵام هەر بە رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان مایەوە.

د.كامەران مەنتك، مامۆستای زانكۆو چاودێری سیاسی، پێیوایە سەركردە كوردەكان وا دەزانن ئەوەی لەڕابردوودا كردویانە شەرعییەتیان پێ‌ دەدات هەتا دەمرن بەنەخۆشی‌و پیری‌و پەككەوتەیی هەر لەسەر كورسی دەسەڵات‌و هەرەمی سیاسیەتدا بن.

مەنتك بە (ژیان)ی وت"دەستگرتن بەدەسەڵات‌و كورسییەوە لەخراپترین بارودۆخی جەستەیی‌و نەخۆشی ئەو سیاسەتەی درووست كردووە كە ئەمڕۆ لەكوردستان هەموومان پێوەی گیرۆدەین، ناكرێت كەسێك سی ساڵی كاری حزبی دەكات، ئەمڕۆ لەهیچ ڕوویەكی تەندروستی‌و تەمەنەوە باش نییەو هێشتا هەر بیەوێت خۆی یەكەم كەس بێت".

مەسعود بارزانی، لەپاش كۆچی باوكییەوە لەئاداری ساڵی 1979ەوە سەرۆكی پارتییەو هەتا ئێستا بەردەوامە، بارزانی دوای ریفراندۆم دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو كە دوو ساڵ بوو ماوەی یاسایی بەسەرچوو بوو، بەڵام دەستی لەپۆستە حزبیەكەی هەڵنەگرت.
لەنێو پارتە ئیسلامییەكانیشدا ئەم نەریتە هەر بوونی هەیە، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەساڵی 2001ەوە و لەدروستبوونی كۆمەڵەوە هەتا ئێستا ئەمیری كۆمەڵە.

سەڵاحەدین بەهائەدینیش لە ساڵی 1994 لەگەڵ راگەیاندنی یەكگرتوی ئیسلامی بووە ئەمینداری گشتی یەكگرتو و لەكۆنگرەی شەشی حزبەكەیدا وازی لەئەمینداری یەكگرتوو هێنا، بەڵام لەكۆنگرەی حەوتەمدا هاتەوە سەر كورسی ئەمینداری.

شۆڕش حەسەن، مامۆستای زانكۆو چاودێری سیاسی، ئاماژەی بەوە دا، لەرۆژهەڵاتدا سەركردەكان نەك واز ناهێنن، بەڵكو تا دوا هەناسەیان بەهەموو شێوەیەك شەڕی مانەوەیان دەكەن.

ئەو چاودێرە سیاسییە بە (ژیان)ی وت"بەدرێژایی سەدان ساڵە كورد باجی كۆمەڵێك سیاسی دەدات كە بەهیچ جۆرێك ئامادە نەبوون‌و نین واز لەسیاسەتكردن بێنن هەتا ئەگەر لەوپەڕی نەخۆشیی‌و پیربوونیشدا بووبن".