پارتی مەرجی هەیە بۆ پارێزگاری نوێی كەركوك

PM:01:11:26/11/2017
ژیان: كەركوك
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەپارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك ناڕازییە‌و هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ دوورخستنەوەی، ئەوەش لەكاتێكدایە پارتی مەرجی‌و هەیە‌و هێشتا لەگەڵ یەكێتی ڕێكنەكەوتووە.

ڕۆژی 16 مانگی رابردوو، هێزەكانی پێشمەرگە لەكەركوك كشانەوەو سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی شوێنەكانیانی گرتەوە، هەمان ڕۆژ بەبڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق راكان جبوری، كرایە پارێزگاری بەوەكالەتی  كەركوك.

دوای زیاتر لەمانگێك لەدەست بەكاربونیدا بەرپرسانی یەكێتی نیگەران كردووەو لەهەوڵی لەكار لادانی پارێزگاردان.

محەمەد عوسمان، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی، بە (ژیان)ی وت "دەبوایە پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بەپێی یاساو دەستورو تەعلیمات كار بكات، بەڵام بەداخەوە وا كاری نەكردووە، ئەو كارانەی دەیكات دەبێتە هۆی تێكدانی یەكڕیزی پێكهاتەكانی شارەكە و مەترسییە لەسەر پێكەوە ژیان".

وتیشی"كۆتا كاری هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی ئەو داعشانە بوو كە بەهۆی تەقینەوە و لە ڕووبەربونەكاندا كوژران، بەڵام پارێزگار بەوە ناساندویەتی كە ئاسایشی كورد ئەو كارەی كردووە".

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت چوارشەممە 21-11 سەردانی گۆڕستانی پەنجا عەلی كرد لە سنوری لەیلان باشوری خۆرهەڵاتی كەركوك و دەنگۆی بونی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لەنێو میدیاكاندا بڵاوكرایەوە، ئەوەش ناڕەزایی لای پێكهاتەی كورد دروستكرد.

هە‌رچەندە هیچ لێدوانێكی رەسمی پارێزگاری كەركوك نییە كە جەختی لە بونی گۆڕی بەكۆمەڵ كردبێتەوە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی پێ تۆمەتباركردبێت، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هێزی یەكەمی كوردییە لە پارێزگاكە هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵای كرد  دژی راكان سەعید.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتیشی"هەوڵی ئیقالەكردنی پارێزگارمان داوە لەڕێگەی پەرلەمانی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە، بەشێك لەكارەكانی دژی توركمانەكانیشە بۆیە پێمانوایە لەو هەوڵەمان سەركەوتوو دەبین بۆ لابردنی".

پارێزگاری كەركوك، بەدوو شێوە دادەنرێت یەكێكیان لەڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە دەبێت پێشنیاری بكات بۆ ئەنجومەنی وەزیران، رێگەی دووەمیش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەكاتی كەسێكی تر دەستنیشان بكات.

یەكێتی لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی لەهەر ڕێگەیەكەوە بێت پارێزگارێكی نوێ دابنرێت‌و رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش كاندیدە.

رێگەدان بەهێنانەوەی ئەو خێزانە عەرەبانەی كەپێشتر بەهۆی تەعریبەوە هێنرابوونە ناوچەكە، كاركردن بۆ زیندوكردنەوەی ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی كە لەسەردەمی حكومەتی بەعسدا كرابوون‌و بەبڕیاری حكومەتی ناوەندی هەڵوەشابوویەوە و كارئاسانی كردن بۆ ئەو كەسانەی كە گومانیان لەسەرە و لایەنگری گروپە تیرۆریستیەكان‌و داعش بوون، بەشێك بوون لەو كارانەی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت ئەنجامیداون.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەلیستی برایەتی،  دەڵێت پارێزگاری بەوەكالەت تاك لایەنە ئیش دەكات هیچ چاودێرییەكی ئەنجومەنی پارێزگاو حكومەتی بەغدادی لەسەر نییە، وەك فەرمانبەرێكی سەردەمی بەعس لەبەغداوە دانراوەو بەئارەزووی خۆی دەستیكردووە بەسیاسەتی تەعریب كردن بەبێ گوێدانە یاساو رێساكان.

وتیشی"تەنها ئەنجومەنی پارێزگا دەتوانێت كۆببێتەوەو متمانەی لێ وەربگرێتەوە، بەڵام ئەندامانی پارتی‌و یەكگرتوو ئامادەنین بێنەوە، ئەگەر ئەوان ئامادەبن لیستی برایەتی دەتوانێت لەكار لای بدات".

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، یەكێتی رزگار عەلی وەك كاندیدی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك دیاریكرد، بۆ دەستبەكاربوونی ئەویش چاوەڕوانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە بۆ پێدانی متمانە، بەڵام ئامادەنەبوونی ئەندامانی پارتی‌و بەشێك لەیەكگرتوو بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەن دەستبەكاربونی پارێزگاری نوێی بەنادیاری هێشتوەتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆكاری نەچوونەوەی ئەندامەكانیان بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ناسەقامگیری دۆخی شاری كەركوك‌و "بەسەربازیكردنی" شارەكە دەگەڕێنێتەوە.

عەدنان كەركوكی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركوك بە (ژیان)ی وت"تائێستا پارتی‌و یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگارێكی نوێ رێكنەكەوتوون و پارێزگاری پێشوو لای ئێمە پارێزگارە".

كەركوكی، مەرجی حزبەكەی بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ دەبەستێتەوە بەڕێككەوتنی نوێوە، وتی "دەبێت بەرێككەوتنی مەكتەبی سیاسی‌و پارتی‌و یەكێتی بێت".