لەبارەی موچەوە پێشنیارێکی بەپەلە دەخرێتە بەردەم حکومەت

PM:03:32:25/11/2017
کورد میدیا: دەروون رەشید
ئەو مۆڵەتە 15 رۆژەیەی كە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی دانابوو بۆ دابینكردنی مووچە‌و بودجەی پارێزگای سلێمانی كۆتایهات‌و سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیی‌و وزەی ئەنجومەنەكەش جەختدەكاتەوە "نەك 15 رۆژ مۆڵەتی 100 رۆژیش بدەین بەحكومەت، ناتوانێت موچەی تەواوی هەرێمی كوردستان بدات".

رۆژی 24ی 10ی2017 لەكۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا مۆڵەتی 15 رۆژ بۆ حكومەت دیاریكرا بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەو بودجەی پارێزگای سلێمانی دواتر لە رۆژی 5ی 11 ی 2017 سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی وەزیران لەو بارەیەوە كۆبوونەوە.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات"لەكۆبونەوەكەدا بە ئێمە وترا كە تا ئەو كاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای دارایی هەبێت بەردەوام دەبین لەپێدانی موچە، هەركاتێكیش توانای نەما، هاوڵاتیانی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە، پێشیان وابوو تا ئەو كاتەی موچەی مانگی 9 و ١٠ دەدرێت، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم وبەغداد دەگاتە بنبەست لەهەر لایەكیانەوە بێت".

ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (ژیان)ی وت "سەبارەت بە بودجە ، ئێمە چەند پێشنیارێكی ترمان خستەڕوو، داوامانكرد ئەو باج و رسوماتەی كە لەهەرێمی كوردستان وەردەگیرێت تەنها بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خراوەتە سەر هاوڵاتیان، بەیاسا رێكبخرێن، بەوپێیەی لەداهاتودا بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق، باشتر وایە لەئێستاوە هاوتای باج و رسوماتی عێراقی بكەن بەپێی ئەو یاسایانەی كە هەیە".

لەئێستادا پرسێكی گەرمی نێوان هەرێم‌و بەغدا خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە بەتایبەتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە جێناكۆكەكان.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختدەكاتەوە "داوای ئەوەمانكرد كە چاوەڕوانی كۆبونەوەكانی هەرێم و بەغداد نەكەن، بەزووترین كات لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئامادەبكەن و بینێرن بۆ بەغدا، دواتر لەڕێگای وەزارەتی داراییەوە سەرنج و پێشنیارەكان گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت، هەروەها داوای ئەوەشمانكرد لە لەمەودوا سیستمی لامەركەزییەت پەیڕەوبكرێت بۆ پارێزگارەكان بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێتەوە بۆ وەزارەتەكان و  دواتر بۆ پارێزگاكان و خوارتر".

لای خۆشییەوە غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی سوتەمەنی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (ژیان)ی روونكردەوە"نەك ١٥ رۆژ مۆڵەتی١٠٠ رۆژیش بدەین بە حكومەت، ناتوانێت موچەی تەواوی هەرێمی كوردستان بدات، چونكە پێشتر ٥٣٦ بیرە نەوتی لەبەردەستدا بوو نەیدەتوانی موچە بدات، ئێستا كە بیرە نەوتەكانی لەدەستداوە چۆن دەتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات".
داواشی لە هاوڵاتیان كرد رێگەی مانگرتنی سەرتاسەری بگرنەبەرو بایكۆتی دەوام بكەن.