ساڵێكی سەخت بۆ دەرمان چاوەڕوانی هەرێمە

PM:01:20:19/11/2017
کورد میدیا:ژیان: هەولێر
كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەكێشەی گەورەی كەمی‌و نەبوونی دەرمان‌و كەڵەكەبونی قەرزێكی زۆرەوە ئەمساڵ بەڕێدەكات‌و هەر بەو كێشانەوە پێشوازی لەساڵی نوێ دەكات.

كێشە سیاسیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا كێشەكانی كەرتی تەندروستیشی قوڵتر كردووەتەوە، هەرێم كە بۆ دابینكردنی بەشێكی زۆری پێداویستی دەرمان چاوی لەدەستی بەغدایە، بەردەوام عێراق بەوە تۆمەتباردەكات كە لەو رووەوە كێشەی بۆ دروستدەكات.

هەفتەی رابردوو كێشەكان زیاتر دەركەوتن، كاتێك دەسەڵاتدارانی هەرێم رایانگەیاند كە بەغدا ناردنی دەرمانی راگرتووە. هەروەها وەزیری تەندروستی باسی لەوەكرد كە پشكی دەرمانی هەرێم لەبەغدا تەواوبووە.

دكتۆر ئەمیر چەلەبی، سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بەپێویستی دەزانێت، حكومەت‌و وەزارەتی تەندروستی پلانی تۆكمەیان هەبێت بۆ دابینكردنی دەرمانی پێویست‌و بەتایبەت بۆ ساڵی داهاتوو كە لەبەردەم چەندین ئەگەردان.

هەروەها بۆ رۆژنامەی (ژیان) وتیشی "ئەگەر هەولێرو بەغداد رێكبكەون ئەوا گرفتی دەرمان دروست نابێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوا گرفتی دەرمان دروستدەبێت‌و بۆ ئەمەش پێویستە وەزارەتی تەندروستی هەماهەنگی بكات لەگەڵ هەردوو كارگەی ناوخۆی بەرهەمهێنانی دەرمان".

تەواوی ئەم راپۆرتە لە ژمارە(٢٠)ی رۆژنامەی (ژیان)دایە کە ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستە.