هێزێكی پێشمەرگە لەكێڵگە غازییەكانی چەمچەماڵ جێگیر دەكرێت

AM:11:44:19/11/2017
کورد میدیا:ژیان: هەڤاڵ غالب
هێزی پێشمەرگە لەكێڵگەی غازی كۆرمۆر لەسنوری ناحیەی قادركەرەم جێگیردەكرێت، هۆكارەكەشی بۆ ترسی دەستبەسەراگرتنی كێڵگەكە دەگێڕدرێتەوە لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە.

جێگیركردنی هێزەكە دوای ئەوە دێت لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو هێزەكانی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی شاری كەركوك‌و زۆربەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی كۆنترۆڵ كردەوە.

غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (ژیان)ی وت"بەپێی ئەوەی كە حكومەتی عێراق داوای رادەستكردنەوەی سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێم كردوە ئەوا بلۆكی غازی (كۆرمۆر) لەناحیەی قادر كەرەم دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو داواكارییانەی عێراق".

وتیشی"نابێت بەهیچ شێوەیەك كێشە لەو سنورە دروست ببێت، چونكە بچوكترین رووبەڕووبونەوە گەورەترین مەترسی دروست دەكات لەبەر ئەوەی غاز ترسناكە و كۆنترۆڵا ناكرێت".

بلۆكی كۆرومۆر هەشت بیری تێدایەو خاوەنی 1.7 TCF غازی سروشتیەو سێ جۆر بەرهەمی هەیە، یەكەم غازی وشكە كە بۆ وێستگەكانی كارەبا لە سلێمانی‌و هەولێر بەبۆری دەگوێزرێتەوە‌و برەكەی 340 ملیۆن پێ سێجایە رۆژانە، دووەم غازی شل LPG كە بۆ ماڵان بەكاردێت‌و رۆژانە 1000-1200 تەن بەهەم دەهێنرێت، سێیەم رۆژانە 10-20 هەزار بەرمیل كۆندێنسێنت (نەفتا) بەرهەم دەهێنێت كە لەگەڵا بەنزین تێكەڵا دەكرێت‌و بەنزینی نۆرماڵی لێدروست دەكرێت.
 
لەئێستادا هێزێكی پێشمەرگە لەسنوری ناحیەی قادركەرەم جێگیركراوەو بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بۆ (ژیان) "ئەو هێزانە بۆ مەترسی هاتنی هێزەكانی سوپای عێراق هێنراونەتە ئەو ناوچەیە".

ئیبراهیم محێدین، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم بۆ (ژیان)ی روونكردەوە "ماوەی 20 رۆژە لیوایەكی هێزەكانی پێشمەرگە كە لەسنوری دووز كشانەوە هاتونەتە سنوری ئێمەو جێگیربوون".

وتیشی"كێشە لەسەر ناوچەی ئێمە نییەو قادركەرەم لەحكومەتی عێراقدا سەر بەقەزای دووزو پارێزگای سەڵاحەدینە".

(ژیان) زانیویەتی، هێزەكانی پێشمەرگە بەدووری چەند كیلۆمەترێك لەرۆژهەڵاتی قەرەهەنجیرەوە ساتریان لێداوەو هەروەها لەچەند شوێنێكی بەرزاییەكانی بانی مەقان‌و ناحیەی قادركەرەم جێگیربوون دوای ئەوەی لەناوچە كێشە لەسەرەكان كشانەوە.

چەند سەرچاوەیەك لەناحیەكانی قەرەهەنجیرو قادركەرەم ئەو زانیاریانەیان پشتڕاستكردەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە بەشێوەی بەرچاو لەرێگاكانی ئەو ناحیانەو سنوری قادركەرەم دەبینرێن.

ناحیەكانی شوان‌و قەرەهەنجیرو تەكیەی جەباری‌و قادركەرەم، دەوڵەمەندن بەنەوت‌و غاز تا پێش ساڵی 2003 لەژێر دەستی رژێمی بەعسدا بوون‌و لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق دانیشتوانەكەی بۆ گەڕایەوە كەسەرجەمیان كوردو هێزەكانی پێشمەرگەی تیا جێگیر بوون.