ناكۆكییە ناوخۆییەكان گۆڕانكارییەكانی یەكێتی رادەگرێت

AM:11:19:19/11/2017
کورد میدیا:ژیان: ڕێژوان ئازاد
ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاڵوگۆڕو گۆڕانكارییەكانی ئەو حزبەی ڕاگرتووە، ئەوەش وایكردوە هەڵبژاردنی 10 كەس بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی لەجیاتی مەكتەبی سیاسی‌و بەستنی كۆنگرە بەنادیاری بمێنێتەوە.

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، 4_11_2017، كۆبوەوە‌و بڕیاری هەڵوەشانەوەی مەكتەبی سیاسیی‌و هەڵبژاردنی 10 كەس درا بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی‌و بەزوترین كاتیش كاتی بەستنی كۆنگرە دیاریبكرێت.

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بۆ (ژیان)ی ڕوون كردەوە"دانیشتنی داهاتووی سەركردایەتی یەكێتی بڕیارەكانی تێدا یەكلایی دەكرێنەوە سەبارەت بەكۆنگرەو هەڵبژاردنی ئەو دە كەسەی كە یەكێتی بەڕێوە دەبەن".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، دوای دیارنەمانی سكرتێری گشتی دەسەڵاتەكانی دەدرێن بەجێگرەكەی تا بەستنی كۆنگرە، ئەو 10 كەسەی كە بریاربوو بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی هەڵبژێردرێن، لەلایەن كۆسرەت ڕەسوڵەوە سەرپەرشتی دەكران.

هەفتەی ڕابردوو كۆسرەت ڕەسوڵ تەندروستی تێكچوو، لەسلێمانی نەشتەرگەری بۆكراو ڕەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا كرا بۆ چارەسەر.
سەبارەت بەدواكەوتنی كۆبوونەوەكانیش، گەرمیانی وتی"نەخۆشكەوتنی كاك كۆسرەت‌و هەندێ‌ گفتوگۆی پێویست وای كرد كۆبوونەوەكە دوابخرێت لەكاتێكی گونجاودا بكرێت".

لەكۆبوونەوەی رابردوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، ناكۆكی درووستبوو، بەشێك لەمەكتەب سیاسیەكان لەبڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی ناڕازی بوون‌و كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت، بەهۆیەوە نەتوانراوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدرێت.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست (ژیان) كە لەسەرچاوەی باڵای ناو یەكێتییەوە دەستیكەوتوون، هەوڵی جددی هەیە بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەو جێبەجێكردنی هەڵوەشانەوەی مەكتەبی سیاسی‌و هەڵبژاردنی 10 كەس بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی‌و دیاریكردنی كاتی كۆنگرە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانەوە ئەو كۆبوونەوەیە تا ئێستا كۆدەنگی لەسەر نییەو هەوڵیش هەیە بەرێككەوتنی پێشوەختە ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت‌و بڕیار لەگۆڕانكارییەكان بدرێت.

لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بە (ژیان)ی وت "یەكێتی دەبێت بەتەباییەوە بڕیار بدات ئەوەش لەبەر ئەوەی هەموو لایەك بەبڕیارەكان ڕازی بن بەتایبەت بڕیاری كۆنگرە".

لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا سێ‌ بۆچوون بۆ كۆنگرە خراونەتە ڕوو، یەكەم كە لە 31ی 1ی 2018 ببەسترێت چونكە لە 31ی 1ی 2014دا بڕیاری دواخستنی كۆنگرە دراوە، هاوكات 21ی 3ش بۆچوونێكی تر بووەو وتراوە كۆنگرە ناو بنرێت نەورۆز، بۆچوونەكەی دیكەش 1ی 6ی پێباشبووە كە یادی دامەزراندنی یەكێتییە.

لەتیف شێخ عومەر، وتیشی"دەبێت بۆ دیاریكردنی وادەی دیاریكراوی كۆنگرە سەركردایەتی دابنیشێتەوەو بڕیارەكە بدات كە ئاخۆ كەی دەكرێت‌و لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردن قسە بكرێت".