وەزیری ناوخۆی عیراق: وەک بەغداد بەختمان دەبوو ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرایە

AM:11:36:17/11/2017
كورد میدیا:
وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق قازانجی کرد کە بارزانی ڕیفراندۆمی ئەنجامدا و ئەگەر دوایبخستایە دەستکەوتێکی زۆری دەبوو.

قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئیندیپێندنت)ی بەریتانی رایگەیاندووە" ئەگەر بارزانی ڕازیبووایە بە دواخستنی ڕیفراندۆم ئەوا دەستكەوتێكی زۆری دەبوو".

وتوشیەتی" هەرێمی کوردستان دابڕاو و گۆشەگیر نییە بەڕووی دەرەوەدا بەو جۆرەی کە خەڵکەکەی لێی ترساون بەتایبەت کاتێک تورکیا و ئێران هەڕەشەی داخستنی سنورەکانیان کرد".

وەزیری ناوخۆی عیراق باس لەوەش کردووە کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک دوای بڕیارێکی ناژیرانەی مەسعود بازرانی هات بەئەنجامدانی ریفراندۆم کە خۆی تووشی دابڕانێکی نێودەوڵەتی کرد.

رۆژی 25 ی ئەیلول سەرباری هەموو ناڕەزایەتیە ناوخۆیی و دەرەكیەكان پرۆسەی ریفراندۆم لە باشوری كوردستان بەڕێوەچوو، لە كاردانەوەی ئەو هەنگاوەش عێراق چەند سزایەكی بەسەر هەرێمدا سەپاند و لە رۆژی 16 ی ئۆكتۆبەریشدا هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر ناوچە جێناكۆكەكاندا گرت.