د.عەبدول لەتیف: هەر باوكێك پیاوێكی وەك پێغەمبەری دەستكەوت، ئەوا كچە 9 ساڵانەكەی بداتێ

AM:10:44:15/11/2017
كورد میدیا:
د.عەبدوللەتیف ئەحمەد یەكێك لە رێبەرانی سەلەفی كوردستان،رایگەیاند "لە شەریعەتی ئیسلامیدا چ لەدەقەكانی قورئاندا چ لەدەقەكانی فەرمودەكانی پێغەمبەری خوادا (د.خ)، دەقێكی روون نییە بە ژمارە و ساڵ تەمەنی هاوسەرگیری دیاریكردبێت".

د.عەبدوللەتیف ئەحمەد پسپۆڕ و شارەزای ئاینی ئیسلامی بۆچونی خۆی لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی عیراقی و رێگەدان بە شوكردنی كچی تەمەن 9 ساڵ دەربڕیوە و بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" ئەگەر لەمەودوا ئەوە بكرێتە پێوەر و بڵێین هەر كچێك گەیشتە تەمەنی عائیشەی خێزانی پێغەمبەر(د.خ)دەبێت بە شوو بدرێت، ئەوا ڕەنگە كارەساتی خراپی لێبكەوێتەوە، چونكە عائیشە دراوەتە پیاوێكی وەك پێغەمبەر(د.خ)، نەدراوەتە كەسێكی ئاسایی، هەر باوكێك پیاوێكی وەك پێغەمبەری دەستكەوت "كە شتی وانابێت"، ئەوا كچە 9 ساڵانەكەی خۆشی بداتێ ئاساییە".

ئاماژە بە دوو بۆچونیش دەدات لەو پرسەدا و دەڵێت "رای هەندێك لە زانایان هەیە بەوەی كچ لەتەمەنی بچوكدا بەشوو بدرێت ئەگەر بەرژەوەندی لەوەدا بینرا، بەڵام هەندێكی تر دەڵێن تا باڵغ نەبێت بەشو نەدرێت باشە".

د.عەبدوللەتیف جەختیش دەكاتەوە "ئەوەی بڵێت لە شەریعەتی ئیسلامدا زۆركردن هەیە بۆ هاوسەرگیری لەتەمەنی منداڵیدا ئەوا تۆمەتە بۆ ئیسلام، لەسەردەمی پێغەمبەری خوادا تاكە نمونەی بەشودانی كچ لەتەمەنی منداڵیدا تەنها عائیشەیە، ئەویش خاوەن باوكێكی وەك ئەبوبەكری سدیق بوە،  دراویشە بەباشترین پیاوی سەرزەوی".