مەلا بەختیار: با دادگا سزای خیانەتكارانی ناو یەكێتی بدات ئەگەر خیانەتیان كردووە

AM:10:12:15/11/2017
كورد میدیا:
بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕایگەیاندووە" باپەرلەمانی كوردستان بڕیاری لێكۆڵینەوە لەسەر ڕوداوەكەی كەركوك بدات، كە ساغبوەوە، دادگا توندترین سزا بسەپێنێت".

بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بابەتێكی نوسیوە‌و ڕایگەیاندوە" دوای كەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر داوای لێكۆڵینەوەو سزادانی تاوانبارانم كردووە، لەسەر ئەم هەواڵەش دەڵێم، با پەرلەمانی كوردستان، بڕیاری لێكۆڵینەوە لەسەر ڕوداوەكە بدات. كە ساغبوەوە، دادگا توندترین سزا بسەپێنێت".

ڕۆژنامەی باس بەمانشێتی "ڕۆژانە یەك ملیۆن دۆلار بۆ گروپی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری ناو یەكێتی دەڕوات" بابەتێكی بڵاوكردوەتەوە.
مەلا بەختیار لەوەڵامی ئەو ڕۆژنامەیەدا ڕایگەیاندووە" ئەی دزو دزییەكانی پێشتر، ئەو دزییانەی لەگەلێك بواری دیكەدا دەكرێن، چیان لێكراوە؟ كوردستان بانێك‌و دو ڕەشەبای دزی نییە، دڵنیام هەتا دزەكان ڕسوا نەكرێن، جارێكی تر متمانەی ڕای گشتی بۆ یەكێتی‌و پارتی‌و هەر لایەكی تریش ناگەڕێتەوە".

بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی نوسیوە" هەندێك حزب‌و سەدان سەركردەو فەرماندەو فەرمانبەر، لەسەردەمی بەرەی كوردستانیەوە تەرەكیون بەلافلێدان بۆی دەرناچن؟!".