پۆلیسی هەولێر: ژمارەیەك تۆمەتبار دەستگیركران

AM:09:51:15/11/2017
كورد میدیا:
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی‌ ژمارەیەك كەسی‌ لەهەولێر و دەوروبەری ، بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك بەشێوەی نایاسایی و چەقۆ و دامبۆكس، راگەیاند.

لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (كورد میدیا) نێردراوە، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، ڕایگەیاندووە" شەوی‌ رابردوو هەڵمەتێكی پشكنینیان لە كافتریا و شوێنە گشتییەكان دەستپێكردووە و كۆمەڵێك كەسیان بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك بە بێ مۆڵەت و بە شێوەی نایاسایی، دەستگیر كردووە".

دەشڵێت" تیمی گەڕۆكیان هەیە و جگەلەوەی لە شوێنە گشتییەكان و كافتریا و قاوەخانەكاندا دەستیان بە پشكنینی ورد كردووە، بەوپەڕی وریایی و چاوكراوەییەوە، تیمەكانیان بازگەی كاتی دادەنێن و هەموو ئەوانە دەستگیر دەكەن كە سەرپێچیی یاسا دەكەن".

عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەی بەوەش كردووە"لەو هەڵمەتەدا هێزەكانی ئاسایشی گشتی، ئاسایشی هەولێر، پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، پۆلیسی فریاكەوتن، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی ناوشار بەشدارن".

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەوەی‌ خستەڕوو" كە هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت".