په‌رله‌مانی‌ كوردستان خوێندنه‌وه‌ بۆ پرۆژه‌ یاسایی لێبوردنی گشتی‌ ده‌كات

PM:06:21:14/11/2017
كورد میدیا:
په‌رله‌مانی‌ كوردستان خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ پرۆژه‌ یاسایی لێبوردنی گشتی‌ و هه‌مواری‌ یاسایی به‌كرێدانی‌ خانوبه‌ره‌ ده‌كات، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت: ئه‌و دوو یاسایه‌ گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی یاساییه‌وه‌.

ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێدا په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای لێبوردنی گشتی و هه‌مواری یاسای به‌كرێدانی خانوبه‌ره‌ بكات، كه‌ دوو یاسای زۆر گرنگن.

راشیگه‌یاند: رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی داهاتووش دانیشتنی په‌رله‌مان له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی راپۆرت ده‌بێت له‌سه‌ر یاسای به‌كرێدانی خانوبه‌ره‌، هه‌روه‌ها رۆژی دووشه‌ممه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بێت بۆ نوسینه‌وه‌ی راپۆرت له‌سه‌ر یاسای لێبوردنی گشتی.

وتیشی: ئه‌و دوو یاسایه‌ گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی یاساییه‌وه‌، بۆیه‌ به‌گرنگمان زانی په‌رله‌مانی كوردستان كار له‌سه‌ر هه‌ردوو یاساكه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات هه‌ردوو یاساكه‌ ده‌ربچێت و ببێته‌ هۆكارێك بۆ سه‌قامگیری هه‌روه‌ها بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری یاساو جێبه‌جێكردنی ته‌وازنێك له‌نێوان خاوه‌ن موڵك و كرێچیدا .

ته‌لار له‌تیف ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد: بۆ یاسای لێبوردنی گشتی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ده‌رفه‌تێك بده‌ینه‌وه‌ به‌ به‌ندكراوه‌كان له‌م دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ سه‌خته‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بۆیه‌ بتوانن جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌، هه‌مان كات كه‌ هه‌ندێ به‌ندكراو هه‌یه‌ كه‌ تائێستا سودیان له‌و ماوه‌ی به‌ندكردنه‌ وه‌رگرتووه‌ ده‌رفه‌تێكیان بدرێتێ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌و ژیانی ئاسایی خۆیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

زۆرترین خوێنراو‌