بیناڵی یڵدرم: لە هەر شوێنێ كارەساتی سرووشتی رووبدات لەوێ دەبین

PM:05:39:14/11/2017
كورد میدیا:فۆتۆ:AA
سەرۆك وەزیرانی توركیا ڕایدەگەیەنێت، یەكەم تیم كە بەهانای قوربانیانی بوومەلەرزەكەی عێراقەوە چووە تیمەكانی وڵاتەكەی بووە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، (بیناڵی یڵدرم) سەرۆك وەزیرانی توركیا لەمیانی وتارێكیدا لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی (ئاك پارتی) لە پەرلەمانی توركیا سەرەخۆشی ئاڕاستەی كەسوكاری ئەو قوربانیانە كرد كە لە بوومەلەرزەكەی سنووری ئێران و عێراق گیانیان لەدەست دا و هیوای چاكبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.

ئاژانسەكە نوسیویەتی"سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوە دا كە لەگەڵ ساتی روودانی بوومەلەرزەكە، بە تایبەتی مانگی سووری توركیا و ئافاد و تیمی رزگاری پزیشكیی نیشتمانی و ئەوانی دیكە بە خێرایی بۆ ناوچەكە رەوانە كران".

یڵدرم وتویەتی"بە شانازییەوە ئەوە دەڵێم یەكەم تیم كە بەهانای قوربانیانی بوومەلەرزەكەوە چوون، تیمەكانی ئێمە بوون".

ئەو ئاژانسە نوسیویشیەتی"یڵدرم روونی كردەوە كە جگە لە تیمەكانی گەڕان و رزگاركردن و بەهاناوەچوونی پزیشكی فریاگوزاری و هاوكاری مرۆیی، هەموو جۆرە هاوكارییەكیان گەیاندووەتە ئەو ناوچەیەی بوومەلەرزەكە لێی روویداوە.

سەرۆك وەزیرانی توركیا وتوشیەتی"بە لەبەرچاوگرتنی نزیكبوونەوەی زستان و ساردبوونی كەشوهەوا، لە قۆناغی یەكەمدا سێ هەزار چادر، سێ هەزار گەرمكرەوەی ئاو، ١٠ هەزار بەتانی بەسەر ئەو كەسانە دابەشكراوە كە بەهۆی بومەلەرزەكەوە زیانیان پێگەیشتووە، مانگی سووری (توركی و ئافاد) كە بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق كار دەكەن، ٥٠ بارهەڵگر هاوكاری مرۆیی، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە كارەساتی سرووشتی بەكارەهێنرێن و، لەگەڵ كارمەندی پسپۆر تاكو ئێستاش لەسەر كارەكانیان لە ناوچەكە بەردەوامن".

هەروەها دەڵێت"وەك توركیا نەك تەنها دراوسێكانمان، بەڵكو لە هەر شوێنی جیهان كارەساتێكی سرووشتی رووبدات، ئەوا ئێمە لەوێ دەبین، بەو هۆیەوە هاوبەشی ئازارەكانی گەلانی دۆست و برامان لە عێراق و ئێرانین و سەرەخۆشی خۆمانیان ئاراستە دەكەین".