برێت مەكگۆرك ڕاگەیەنراوەكەی حكومەتی هەرێم بە هەنگاوێكی گرنگ وەسف دەكات

PM:03:53:14/11/2017
كورد میدیا:
نوێنەری سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا لەهاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانی خۆی بۆ راگەیەنراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پابەندن بونی هەرێم بە بریارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق دەكات.

برێت مەكگۆرك، نوێنەری سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا لەهاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەمیانی تویتێكدا ئەمڕۆ سێشەممە لەبەرامبەر ڕاگەیەنراوەكەی حكومەتی هەرێمدا بۆ پابەندبوونی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند"هەڵوێستەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی گرنگە".
 
مەكگۆرك جەختی لە گرنگی ئەو ڕاگەیەنراوە كردۆتەوە و نوسیویەتی "هەڵوێستەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردولا لەسەر بنەمای دەستور".
 
ئەمڕۆ سێشەممە حكومەتی هەرێم لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە ئاماژەی بەوەدا، پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق دەبن بۆ چارەسەری كێشەكان و لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە"هەمیشە هەرێم جەختی كردوەتەوە كە پابەندی گرتنەبەری رێگەی دەستووری و یاسایییە بۆ چارەسەركردنی ناكۆییەكانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و هەرێم، لە روانگەی هەڵوێستی رونمانەوە بە پێشوازیكردن لە هەر دەستپێشخەرییەك بەم ئاراستەیە، لەپێش هەموشیانەوە دەستپێشخەریی ئایەتوڵڵا عوزما سەید سیستانی و هەندێك لە كەسایەتییە عێراقییەكان و وڵاتانی دۆستی گەلی عێراق بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، رێز لەو راڤەكردنەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەكەم لە دەستوور دەگرین".