کورد میدیا دوایین زانیاری لەسەر رەوشی تەندروستی کۆسرەت رەسوڵ بڵاودەکاتەوە

PM:03:26:14/11/2017
کورد میدیا:دەروون رەشید
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە کە نەخۆشکەوتنەکەی کۆسرەت رەسوڵ پەیوەندی بە ژەهراوی بونەوە هەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات کە لە ئێستادا باری تەندروستی ناوبراو جێگیرەو لە چەند رۆژی داهاتووشدا رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.

د. رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بە (کورد میدیا)ی راگەیاند:"لە ئێستا تەندروستی کۆسرەت رەسوڵ زۆر باش و جێگیرە.

وتیشی:" چاوەوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا و لە پاش ئەوەی دۆخی بەرەوباشتر بوو، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت".

پێشتر دەرباز كۆسرەت، کوری کۆسرەت رەسوڵ عەلی بە میدیایەکی نزیک لە پارتی راگەیاندبوو، کە باوكم پێش ئەوەی نەخۆش بكەوێ لەگەڵی بووم، لەسەر مەزاری مام جەلال گەڕاینەوە، دایكم بۆ نانی ئێوارە سەروپێی ئامادە كردبوو، بەڵام دوای نانخواردن "ژەهراوی بوو، ئازاری زۆری هەبوو".

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەگەری ژەهراوی بونی جێگری یەکەمی سکرتێکی گشتی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، تێکچونی باری تەندروستی کۆسرەت رەسوڵ پەیوەندی بە ژەهراوی بوونەوە نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی ئاساییەو وەک هەر نەخۆشییەکی تر".

رۆژی شەممە 11-11-2017 کۆسرەت رەسول عەلی جیگری یەکەمی سکرتێکی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەهۆی تێکچونی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فاروقی پزیشکی کرا لە شاری سلێمانی، دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا د. رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، کە نەخۆشییەکەی ناوبراو بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی ریخۆڵەکانی بووە و نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە.



زۆرترین خوێنراو‌