حكومەتی هەرێم قەرەبوی زیانلێكەوتوانی دەربەندیخان دەكاتەوە

PM:01:43:14/11/2017
كورد میدیا:
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەنێت، حكومەت قەرەبوی زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكەی دەربەندیخان دەكاتەوە و ئاماژە بەوەش دەكات، حكومەت لیژنەیەكی بۆ خەمڵاندنی زیانەكان پێكهێناوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، هەریەكە لە (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و (قوباد تاڵەبانی) جێگری، لەگەڵ (د.رێكەوت حەمەڕەشید) وەزیری تەندروستی و (نەورۆز مەولوود) وەزیری شارەوانی (د.پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردە و (عەبدولستار مەجید) وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سەردانی قەزای دەربەندیخان یان كرد و لەنزیكەوە زیانلێكەوتوانی بومەلەزەكەی ئەو قەزایەیان بەسەركردوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە دەربەندیخانەوە دەست (كورد میدیا) كەوتووە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوەی داوە هەر كەسێك خانووی رووخاوە و زیانی بەركەوتووە، یاخود زەرەرمەند بووە، ئەوا حكومەتی هەرێم قەرەبوونیان دەكاتەوە و لە جاران باشتر خانووەكانیان بۆ دروستدەكاتەوە.

هاوكات بە پێی زانیاریەكان، بەمەبەستی قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتون، حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی بۆ خەمڵاندنی ئەو زیانانە پێكهێناوە و بڕیارە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكە ئیدارییەكان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و شاندەكەی یاوەری راپۆرتی زیانەكانیان رادەست بكرێت.

بەپێی زانیاریە سەرەتاییەكان، زیانەكانی قەزای دەربەندیخان بەهۆی روداوی بومەلەرزەكەی 12ی تشرینی دووەمەوە، بریتی دەبێت لە (تێكڕای زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان بە 12 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراون و زیانەكانی كەرتی تەندروستی بە ملیارێك و 600 ملیۆن دینار خەمڵێندراون و كڕینی غەتاسێكی ئاو بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بە 280 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، نۆژەنكردنەوەی خانووی هاونیشتمانیان، تاوەكو ئێستا زیانەكان بەوردی دەستنیشان نەكراون".

هاوكات لەئێستاشدا دوو شاندی ئەمەریكی و ئیتاڵی بەمەبەستی خەمڵاندنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان، گەیشتونەتە ئەو بەنداوە.