تەندروستی جیهانی 14 ی تشرینی بە رۆژی جیهانی شەكرە دیاریكردووە

PM:12:21:14/11/2017
كورد میدیا: هۆزان عیرفان
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی 14 ی تشرینی هەموو ساڵێكی بە رۆژی جیهانی شەكرە دیاریكردووە.

۱٤/۱۱ ی هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شەكرەیە، كە لەلایەن ڕێكخڕاوی تەندروستی جیهانی و فیدڕاسێۆنی شەكرەی جیهانییەوە وەك ساڵوەگەڕی لەدایكبوونی فردرێك بانتینگ ئەو كەسەی كە ئەنسۆلینی دۆزیەوە، وەك ڕۆژی جیهانی شەكرە دەستنیشانكراوە.

لە ئێستادا نەخۆشی شەكرە یەكێكە لەو نەخۆشیانەی ساڵانە توشبووی نوێ و ئاماری گیانلەدەستدانی بەهۆیەوە تۆماردەكرێت. بەپێی پێشبینیەكانی زانایانی زانكۆیەكی ئینگلتەراش, لە كۆی 12 كەس لەدانیشتووانی جیهان یەكێكیان نەخۆشی شەكرەی هەیە. ئامارەكانیش ئاماژەیەكی ڕوونن بۆ زیادبوونی توشبووان بە نەخۆشی شەكرە لە جیهاندا و,  هەروەها مەترسییەكانی توشبوونی منداڵانیش بە نەخۆشییەكە زیاتربووە. 

بەپێی ڕاپۆرتەكانی یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشی شەكرە, زیاتر لە 8% كۆی دانیشتووانی جیهان توشی نەخۆشییەكە بوون. لەساڵی 2014شدا ژمارەی توشبووان گەیشتۆتە 382 ملیۆن كەس, ساڵانەش نەخۆشی شەكرە 5 ملیۆن حاڵەتی گیان لەدەستدانی لێدەكەوێتەوە.

یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشی شەكرە ڕاشیگەیاندووە لە ساڵی 2013دا لە جیهاندا 548 ملیار دۆلار بۆ ئەو نەخۆشییە خەرجكراوە, كە دەكاتە لە 11%ی تێچووی تەندروستی جیهان بۆ كەسانی گەورە. پێشبینیش دەكرێت تێچووی جیهان بۆ نەخۆشی شەكرە تاوەكو ساڵی 2035 بۆ 637 ملیار دۆلار بەرزببێتەوە.

زانایان و پزیشكانیش هۆكاری زیادبوونی كەسانی توشبوو بە نەخۆشی شەكرە بۆ خواردنی ناتەندروست و زۆربوونی كێش  و كەمی جوڵە دەگەڕێننەوە. 

لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتیشدا نەخۆشی شەكرە زیانی بۆ دڵ و خوێنبەرەكان و چاو و گورچیلەكان دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە كە گرفتی درێژخایەن دروست بكات و گیان لەدەستدانی پێشوەختیشی لێ بكەوێتەوە.