سەعد حەدیسی بۆ (ژیان): كار بۆ لەناوبردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان ناكەین

PM:12:36:13/11/2017
کورد میدیا:ژیان: تایبەت
هەرێمی كوردستان بەگومانەوە لەجموجوڵەكانی حكومەتی فیدراڵی دەڕوانێت، ترسی هەیە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاكانی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە‌و قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێتەوە، لەكاتێكدا وتەبێژی حكومەتی عەبادی دڵنیایدەدات.

مەترسی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان لەكۆبونەوەی 5/11/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی لەگەڵ پارێزگاران‌و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئیدارە ناوچەییەكانی پەردەی لەسەر لادرا. كاتێك قسە لەسەر ئەوەكرا "سیاسەتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ بەڕوونی دیارە كە مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانە".

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، داوایكرد "نابێت بڕیارە نادەستوورییەكانی حكوومەتی عێراقی فیدرال، كاریگەری لەپارێزگاكان‌و ئەنجومەنەكانیان بكات‌و ئەو بڕیارانەو ئەو جۆرە مامەڵەیەی ئەمڕۆ حكومەتی فیدراڵ دەیكات، نابێت ببێتە هۆی لێكترازان‌و دروستكردنی كێشە لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی هەرێمدا".

زانا ڕۆستایی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ رۆژنامەی(ژیان)ی ئاشكرا كرد "مامەڵەكردنی حكومەتی ناوەندی لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم بەڕاستەوخۆیی واتای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمە، چونكە وەك هەموو پارێزگاكانی تری عێراق پارێزگاكانی هەرێمیش دەگەڕێنەوە ناوەند".

ڕۆستایی، وتیشی"هەموو پارێزگاكانی عێراق داهاتی جۆراوجۆری خۆیان ڕادەستی حكومەتی عێراق دەكەن، ئەگەر ئەو پێشنیارە جێبەجێ بكرێت ئەوا ناردنی بودجە لەهەولێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا، ئەمەش هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە".

بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، حكومەتی عێراق لەدوای پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە چەند جارێك ئاشكرای كردووە ئەوان ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم مامەڵە دەكەن‌و مووچەی فەرمانبەران بەپێی پارێزگاكان دەنێرن‌و نایدەنە حكومەتی هەرێم.

لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم لە 25ی ئەیلوولدا، حكومەتی عێراق 52%ی خاكی كوردستان‌و خاڵە سنوورییەكان‌و 42 بیرە نەوت‌و ئاسمانی هەرێمی كۆنتڕۆڵ كرد، وتەبێژی حكومەتی عێراق رەتیدەكاتەوە كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان بكەن.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراق بە (ژیان)ی وت "ئەو لێپێچینەوانەی كە حكومەتی ناوەندی بەرامبەر بەهەرێم دەیكات هەموویان پشت بەدەستوور دەبەستێت‌و ئامانج لێی وەك پڕوپاگەندە دەكرێت بۆ كۆتایهێنانی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان، نییە".
 
حەدیسی جەختی كردەوە "دەستووری عێراق مەرجەعیەتی سەرەكییە بۆ هەمو پێكهاتەكانی عێراق بەبێ‌ جیاوازی‌و حكومەتی ئیتیحادی پەیوەستە بەدەستورەوەو بڕگە‌و مادەكانی جێبەجێدەكات‌و ئەو هەنگاوانەشی كە گرتومانەتەبەر بریتییە لە جێبەجێكردنی دەستوور لەبواری یەكگرتویی خاكی عێراق و هیچ هەنگاوێك لەدەرەوەی دەستور هەڵنانێین". 

لەدەستوری عێراقدا‌و بەپێی مادەی 143 هەر سێ‌ پارێزگای هەولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك وەك هەرێمێكی سەربەخۆ ناسێنراوە‌و هێڵی بەڕێوەبردنەكەی دیاری كراوە.

وتەبێژی حكومەتی عێراق، رونیكردەوە "رەشنووسی بودجەی عێراق لەقۆناغی كۆتایدایە‌و وەك ئەوەی باسدەكرێت لەپڕۆژەی بودجەی 2018ی عێراقدا هیچ ئاماژەیەك بە پارێزگاكانی باكوری عێراق نەكراوە".

هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵییە لەناو كۆماری عێراقدا. لەرۆژهەڵاتەوە ئێران، لەباكوورەوە كۆماری توركیا، لەڕۆژئاواوە سوریا سنوورەكانی پێك دێنن. شاری هەولێر پایتەختێتی و ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لەپێنج ملیۆن كەسەو حكومەت‌و پەرلەمان‌و دامودەزگای تایبەت بە خۆی هەیە.

حكومەتی هەرێم‌و بەغداد لە ساڵی 2014ـەوە كەوتنە ناكۆكی قوڵەوەو بەهۆیەوە بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی بڕی، دەرئەنجامی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكان، هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجامدا.

حاكم شێخ لەتیف، پسپۆڕی دەستووری، بۆ (ژیان)ی رونیكردەوە "دەستووری عێراق لەماددەی 117دا دانی بە هەرێمی كوردستاندا ناوە لە19ی 3ی 2003، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ هەژمونكردن بەسەر هەرێمدا پێچەوانەی ئەو ماددەیەی دەستوورە".

ئەو پسپۆڕە دەستورییە، وتیشی"هەمواركردنەوەی دەستوور ئەستەمە لەم بارودۆخەدا، چونكە خاڵێك لەدەستووردا جێگیر كراوە كە هیچ كەسێك ناتوانێت دەسەڵاتەكانی هەرێم دەستكاری بكات".