سه‌رۆكی‌ وه‌زیرانی‌ توركیا له‌باره‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ هۆشداریی ده‌دات

PM:06:50:12/11/2017
كورد میدیا:
بنالی یڵدرم هۆشداریی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ ده‌دات له‌ به‌مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ وه‌سفده‌كات و ده‌ڵێت كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئێران دا ده‌كه‌ن.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگه‌ڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی كه‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ بڵاویكردۆته‌وه‌ دەڵێت، بە درێژایی ٥٠٠ ساڵی رابردوو هیچ جەنگێک لە نێوان تورکیا و ئێراندا رووینەداوە و هەڵوێستی تورکیا لەسەر پرسەکانی ناوچەکە ڕوون و ئاشکرابووە.

هەروەها دەشڵێت "هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی هەر جۆرێکی مەزهەبی زۆر باش نابێت بۆ ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە".

یڵدرم ئەوەشی‌ وت، کاتێک جەنگێکی ئایینی دەستپێدەکات، کەس نازانێت کەی تەواو دەبێت یان دەگاتە چ ئاستێک، هەر بۆیە ناو بەناو ئێرانی دراوسێمان لە ڕووی ئەنجامنەدانی ئەم چالاکیانە ئاگادار دەکەینەوە و وەک دۆستێک زانیاری و هۆشداری دەدەینێ.

لەبارەی‌ سیاسەتەکانی ئەمریکا دەربارەی ئێران، سەرۆک وەزیرانی‌ تورکیا وتی، پەیوەندی ئەمریکا و ئێران باش نییە، لە کاتی ئیدارەی ئۆبامادا، ئەندامانی هەمیشەیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران بەرامبەر سزاکان گەیشتنە رێککەوتنێک "ئێستا ئیدارەی ترەمپ زیاتر دەیەوێت لە بەرامبەر ئێران بوەستێتەوە و رێککەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە".

یڵدرم ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشکرد، ئەمریکا دەیەوێت هاوپەیمانیەتی نوێ پێک بهێنێت لە ناوچەکە، شتێکی نهێنی نییە کە لە مێژە پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران بە باشی ناڕۆن بەڕێوە.

سەرۆک وەزیرانی‌ تورکیا ئەوەشی‌ وت لە ناوچەکە کێشەی زۆرمان هەیە، لە سووریا و عێراق جەنگی ناوخۆ هەیە، داعشی لێیە و هەمووی دەیەوێت بەرەنگاری داعش ببێتەوە.

هەروەها وتیشی‌، پەکەکە، یەپەگە و پەیەدەشی لێیە کە گرووپی مارکسی لینینی کوردین، ئەمانە کێشە بۆ تورکیا دروست دەکەن.

یڵدرم ئەوەشی‌ وت، ئەمریکا بۆ شکستهێنان بە داعش لەگەڵ ئەو رێکخراوانە کار دەکات "پێموانییە ئەو جۆرە هەماهەنگیەی ئەمریکا خزمەت بە بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری بکات لە ناوچەکە".