كێبڕكێ بۆ بازاڕی دەرمان دەگەڕێنرێتەوە

PM:03:57:12/11/2017
کورد میدیا:ژیان
هەڵمەتەكەی تەندروستی سلێمانی بەردەوامە بۆ دابەزاندنی نرخی دەرمان‌و گەڕاندنەوەی كێبڕكێ بۆ بازاڕی ئەو پێداویستییە سەرەكییەی هاوڵاتیان، ئەوەش لەرێگەی قەدەغەكردنی پێدانی دیاری لەلایەن كۆمپانیاكان بەدەرمانخانەكان.


كۆتایی مانگە رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەستپێكردنی هەڵمەتەكەی راگەیاند، بۆ ئەوەش لیژنەیەكی تایبەتی دروستكرد كە كارەكان ئەنجام بدات.

بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی، هەندێك لەكۆمپانیاكانی دەرمان لەگەڵ دەرمانخانەكان رێككەوتوون بۆ ئەوەی بەو نرخەی كۆمپانیا دەیەوێت دەرمان بفرۆشن، نەك ئەو نرخەی وەزارەتی تەندروستی دیاریكردووە.

لەبەرانبەر ئەو كارەدا، كۆمپانیاكان بڕێك دەرمان بەدیاری دەدەنە نۆرینگەكان، كە بەوتەی بەرپرسانی كەرتی تەندروستی بەهۆی ئەو كارەوە كێبڕكێ لەبازاڕی دەمان نەماوەو دەرمان بەنرخێكی بەرزو بەخواستی كۆمپانیاكان دەفرۆشرێت.

میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، هەڵمەكەیان بەردەوامەو بەهاوكاری لەگەڵ سەندیكای دەرمانسازان كاردەكەن بۆ دابەزاندنی نرخی دەرمان.

تەواوی ئەم راپۆرتە لە ژمارە(١٩)ی رۆژنامەی(ژیان)دایە کە ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستە.