جوبرائیل بەبێدەنگی دەگاتە ئیتاڵیا

PM:02:12:12/11/2017
كورد میدیا:
فیلمی ئەنیمەیشنی كوردی (بێدەنگی ئاسمان) لەدەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەكر لەفێستیڤاڵێكی سینەمایی نێودەوڵەتی لەوڵاتی ئیتاڵیا بەشداری پێشبڕكێی سەرەكی دەكات‌و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات.

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداری فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵەدا رایگەیاند "فیلمەكە بەشداری لەفێستیڤاڵی سینەمایی گەنجانی مارۆنۆ (Marano Ragazzi Spot Festival ) لەوڵاتی ئیتاڵیا دەكات‌و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات".

 وتیشی "فێستیڤاڵەكە لە 27ی تشرینی دووەمی 2017 دەستپێدەكات‌و هەتا 3ی كانوونی یەكەمی 2017 بەردەوام دەبێت".

(بێدەنگی ئاسمان) نوێترین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكرە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنی زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە و لەماوەی تەنها 4 مانگدا بەشداری لەنزیكەی 40 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی، كردوە و چەند خەڵاتێكیشی پێبەخشراوە.

سیناریۆی فیلمەكە پشتیوان عەبدوڵا نوسیویەتی‌و كاری گرافیك‌و دەنگ لەلایەن سەباح شەهدی و كاری موزیكی فیلمەكەش رامتین لهۆنی جێبەجێی كردوە، ماوەی فیلمەكە 100 چركەیە و بەرهەمی ساڵی 2017-یە.