بارزانی ڕوو لەئێران‌و پشت لە ئەمریكا دەکات

PM:12:36:12/11/2017
کورد میدیا:ژیان: ڕێژوان ئازاد
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایی بكاتەوە، بەپێی میدیا ئێرانییەكانیش بارزانی نامەی "نهێنی" بۆ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس ناردوە.

31ی تشرینی یەكەمی 2017، باوكی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، كۆچی دوایی كرد، مەسعود بارزانی پرسەنامەیەكی بەزمانی فارسی ئاراستە كردو ماڵپەرە فارسییەكان وەك ئاماژەیەك بۆ نیازی بارزانی لەچاككردنەوەی پەیوەندییەكانی خۆیی‌و پارتەكەی لەگەڵ ئێران، دەقی نامەكەیان بڵاوكردەوە.

جگە لەوە هەریەكە لەماڵپەڕەكانی تابناك، فەرتاك نیوزو ئیسنای ئێرانی بڵاویان كردووەتەوە كە "مەسعود بارزانی نامەیەكی تری نهێنی بۆ قاسم سلێمانی ناردووەو تیایدا داوای گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و ئێرانی كردووە بۆ سەردەمی حەفتاو هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو".

لەنامە نهێنییەكەدا بارزانی داوای لەسلێمانی كردووە هانی بەغداد بدات گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر بكات‌و واز لەفشارەكانی‌و هێرشی سەربازی بهێنێت بەرامبەر هەرێمی كوردستان.

هەروەها بارزانی لەنامەكەدا ئامادەیی پیشانداوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ تاران، بەپێی زانیارییەكانی (ژیان) لەپەیامانەی كە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران كراوە لەپاش ئەنجامدانی ریفراندۆم، پارتی دیموكراتی كوردستان دانی بەوەدا ناوە كە پەیوەندییەكی هەڵەی لەگەڵ ئێران هەبووە، لەو چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی و پارتیش دەیانەوێت لەمەودوا پەیوەندییەكی تر كە لەوەی پێشوو جیاوازبێت لەگەڵ ئێران درووست بكەنەوە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران، بە (ژیان)ی راگەیاند "تەنها ئاگاداری پرسەنامەكەم، بەڵام پێشتر پەیوەندی پارتی‌و ئێران بەتەواوەتی سڕ ببوو، بێگومان پارتی مەبەستیانە كە ئەو پەیوەندییانەیان دوای ریفراندۆم لەو سڕبوونە رزگار بكەن".

هەوڵەكانی بارزانی‌و پارتی بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتێكدایە، رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2017 مەسعود بارزانی، لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی (NPR)، رایگەیاند كە "پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا دەكەن".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رەتیدەكاتەوە كە هیچ هەوڵێكی نهێنی‌و نامەیەك بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران لەئارادابێت.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، بە (ژیان)ی وت"پارتی وەك سیاسەت‌و بەرنامە لەگەڵ پەیوەندی باشدایە لەگەڵ ئێران، توركیا، عێراق‌و سوریاو هەموو وڵاتانی تر، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵی خۆی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەدا دەدات".