ڕەیان ستار: ئەو كەسەی زەواجی لەگەڵ دەكەم دەبێت دڵی جوان بێت

PM:12:21:12/11/2017
كورد میدیا:ژیان: ڕێژوان ئازاد
ڕەیان ستار ستار، كچە ئەكتەرو فاشیۆنكار و ڕاگەیاندنكار، ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەر ناچار بكرێت یەكێك لە كارەكان هەڵبژێرێت، ئەوا كاری فاشیۆنی هەڵدەبژێرێت و دەشڵێت"ئەو كەسەی زەواجی لەگەڵ دەكات دەبێت دڵی جوان بێت".

ڕەیان ستار باس لەوە دەکات کە سێ کار پێکەوە دەکات، كاری ڕیكلام بە هۆی تێكچوونی بارودۆخی كوردستانەوە كەمە، هەفتەی جارێك یان دوو جار بۆ كاری ڕیكلام دەچم، لەگەڵ ئەوەشدا دەخوێنم و لە پۆلی نۆی بنەڕەتیم، ئێستا سێ فیلمم لەبەردەستە كە بەشداریان تێدا بكەم، حەز و خولیام هەیە و دەتوانم هەم بخوێنم هەم هەر سێ كارەكەش بە یەكەوە بكەم.

دەشڵێت" هەر شتێك بكەیت لەم كۆمەڵگەیە دەڵێن عەیبەیە، بەڵام من دەستخۆشی لە هەموو كچانە دەكەم لە فاشیۆندا كار دەكەن و گوێ بە قسەی خەڵكی نادەن و حەز و خولیاكانی خۆیان بەرجەستە دەكەن".

وتیشی" ڕاستە من كێشم زیادە و بۆ ئەوەش دووچاری ڕەخنە بوومەتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەم وەرزش بكەم و كێشم داببەزێنم".

ڕەیان ئاشکرای کرد، ڕۆژانە نامەیەكی زۆری بۆ دێت هەم لە لایەن كوڕان و هەم لە لایەن كچانەوە، بێگومان كوڕان زیاتر نامە دەنێرن و داوای هاوڕێیەتی و زەواج دەكەن،بەڵام مەرجی من بۆ زەواج، دەبێت كەسێكی ڕێكوپێك بێت، گوێ بە جوانی ڕووخسار نادەم، بەڵام دەبێت دڵی جوان بێت.

تەواوی ئەم دیدارە لە ژمارە (19) ی رۆژنامەی ژیان، كە ئەمرۆ یەكشەممە بڵاوبۆوە لەبازاڕەكانی هەرێم بەردەستە.