هێزەکانی پێشمەرگە رێکدەخرێنەوەو ژمارەیەک فەرماندەش دەگۆڕێن

PM:12:12:12/11/2017
کورد میدیا:ژیان: دەروون رەشید
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵ بۆ یەكخستنەوەی ئەو لیوایانەی پیشمەرگە دەكات كە بەهۆی ڕووداوەكانی مانگی رابردوی كەركوكەوە هەڵوەشانەوە.

لەكۆی 14 لیوای هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوەوە10 لیوایان لێكدابڕاون‌و مەترسی هەڵوەشاندنەوەیان یەكجارەكیان هەیە، هەفتەی رابردوو فەرماندەكان‌و بەرپرسانی پێشمەرگە، لەگەڵ كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت كۆبونەوەتەوە‌و گفتوگۆیان لەبارەی رێكخستنەوەی ئەو هێزانەی پێشمەرگەوە كە لەیەكتر دابڕاون، بڕیارە لەم هەفتەیەشدا كۆبونەوەیەك ئەنجامبدرێت لەسەر ئەو دابڕانەی كە لە لیواكانی پێشمەرگە دروستبووە.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی ئۆپەراسیۆنەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بە (ژیان)ی وت"ئێمە  چوار لیوامان دانەبڕاون‌و پێكەوە كاروبارەكان بەڕێوەدەبەین، بەڵام ئەو لیوایانەی كە لەباشوری كەركوك‌و رۆژئاوای كەركوك دابڕاون لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی یەكگرتنەوەیان كرا".

لەكاردانەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا، رۆژی 16ی تشرینی یەكەمی 2017 هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق لەشكركێشییان كردە سەر پارێزگای كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و لەبەرامبەردا هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەكشەیان كرد.

لەبارەی پاشەكشەی پێشمەرگە لەو ناوچانەی كە لەدەستی داعش رزگاری كردن، لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی‌و پارتی‌و كاربەدەستانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەش لێدوانی جیاواز هەیە‌و تا ئێستاش هیچ فەرماندەكەیەك لەسەر ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر‌و ڕۆژانی دوایی سزا نەدراوە.

لیوا قارەمان جەختدەكاتەوە "تا ئێستا هیچ لێپێچینەوەیەك لەگەڵ فەرماندەكانی پێشمەرگە نەكراوە لەدوای روداوەكانی كەركوك، بەڵام ئاڵوگۆڕ لەنێوان هەندێك لەفەرماندەكاندا دەكرێت".

لێپرسراوی میحوەری خۆرئاوای كەركوك (بەوەكالەت) _پارتی_ داوا دەكات لێپێچینەوە لەهەندێك لەفەرماندەكانی پێشمەرگە بكرێت كە لەروداوەكانی كەركوكدا كەمتەرخەمیان كردوە، بەوتەی ئەو، ئەو فەرماندانەی یەكەی80 كە لەهەندێك جێگا پاشەكشەیان كردبوو لێپێچینەوەی سەربازییان لەگەڵدا كراوە.

لیوا حەمە رێگر، لێپرسراوی میحوەری خۆرئاوای كەركوك، بە (ژیان)ی راگەیاند "ئەو پەرتەوازەییەی كە لەهێزەكانی پیشمەرگەدا بەدیدەكرێت لەوەزارەتەوە تێكنەچووە، هەرشتێكیش سەرچاوەكەی تێكنەچووە رێكدەخرێتەوە".

لەدوای رووداوەكانی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان دانوستاندن‌و گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامدرا‌و تائێستاش رێككەوتنێكی رەسمی ئەنجامنەدراوە، تەنها ئاگربەست لەنێوان هەردوو لایەن چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

فەرماندەكەی پارتی بێئاگایی خۆی لەدەق‌و ناوەڕۆكی ئاگربەستەكە راگەیاند‌و وتی "ئێمە لەئێستادا سەرقاڵی قایمكردنی سەنگەرەكانین".

جێگری سەرۆكی ئەركانی ئۆپەراسیۆنەكانی وەزارەتی پێشمەرگەش، قایمكردنی سەنگەرەكانی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ پشتڕاست كردەوە‌و وتی"پێشمەرگە هەم لەسەنگەرەكانی ئێستای‌و هەم لەسەرجەم میحوەرەكانی كەركوك‌و پردێ‌و مەحمودییەو تەلسقۆف، هێزەكانی خۆی داناوەو سەنگەرەكانی خۆی زیاتر تۆكمە دەكات".