شادیە جەزا: لە خۆشی و ناخۆشیدا هەر گرنگی بە خۆم دەدەم

AM:11:55:12/11/2017
كورد میدیا:هۆزان عيرفان
(شادیە جەزا ئەمین) خانمە هونەرمەنی بواری نوندان لەم دیدارەی دا لەگەڵ (ژیان) ئاماژە بەوە دەكات، جگە لەوەی خاوەنی نزیكەی بیست رێزلێنان و خەڵاتە، هاوكات لە 2010 دا وەك یەكەم خانمە هونەرمەند لەسەر ئاستی شاری كەركوك دەستنیشان كراوە.

شادیە جەزا، یەكەم كاری هونەریم دەگەرێتەوە بۆ ساڵەكانی 1990 كەلە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی وەرگیرام لەبەشی شانۆ، پاش دابران و جارێكی تر دەست پێكردنەوە ئەوا نزیكەی 15 ساڵە لەكاری هونەری بەردەوامم و دانەبراوم، هەروەها لەساڵی 2006 وە تائێستا دەستەی كارگێڕی تیپی ئاشتیم لە كەركوك و، ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كەركوكم.

شادیە جەزا باس لەو کارانە دەکات کە بەشداری تێداکردووەو دەڵێت" بەشداریم لە 14 بەرهەمی شانۆییدا كردووە، بەشداریم لە حەوت كاری درامی دا كردووە، جگە لەوەش بەشداری لە (10) فیلمدا كردووە، كە دوا بەرهەمیشم درامایەكە بەناوی (سەراب) لەدەرهێنانی (مەریوان ئیبراهیم)، دوا كاری نمایشكراوی هونەریش كە بەشدارییم تێدا كردووە زنجیرە درامای "پرۆفیشاڵ "بوو كە لەكەناڵی كوردسات، وە هەروەها بەشداری كاری سێ ریكلامم كردوە، هاوكات بەرهەمێكی دیكەشم هەیە بەناوی فیلمی ( كۆنە فرۆشان) لەدەرهێنانی (لوقمان غەریب)، كەتاكو ئێستا نمایش نەكراوە.

شادیە جەزا هەروەها باس لەو خەڵاتانە دەکات کە پێی بەخشراوە وتی"خەڵاتی باشترین كچە ئەكتەری كەركوكم پێبەخشرا لەساڵی 2010، وە، رێزلێنانی تایبەتیم لە كونسوڵخانەی ئەمریكییەوە بۆ كراوە لە كەركوك، وە رێزلێنانێكی دیكەم وەك مافەكانی ئافرەتان لە 8ی مارس پێبەخشراوە لەكەركوك، وە لەهەولێریش لە بۆنە فیستیڤاڵ و شانۆییەكان و فیلمەكان رێزلێنانم بۆ كراوە، لەماوەی ئەو ساڵانەی كارم كردووە نزیكەی 20 رێزلێنان و خەڵاتم پێبەخشراوە.

دەشڵێت" هەرگیز هونەر نەبووە بەداهات بۆ هونەرمەندان، بەڵام تارادەیەك ساڵانی رابردوو تۆزیك باشتربوو بەس ئێستا زۆربەی كارەكان بەخۆبەخش ئەنجامی دەدەین".

وتیشی" لە هیچ کارێکم کە کردوومە پەشیمان نیم و زۆر گرنگی دەدەم بەخۆم لە خۆشی و ناخۆشیدا.

تەواوی ئەم دیدارە لە ژمارە (19) ی رۆژنامەی ژیان، كە ئەمرۆ یەكشەممە بڵاوبۆوە لەبازاڕەكانی هەرێم بەردەستە.