بندیوارەكانی پێشمەرگە زۆربەیان لە لیوا تایبەتەكانن

AM:11:55:12/11/2017
کورد میدیا:ژیان
بەشێكی زۆر لەو كەسانەی بەناوی پێشمەرگەوە‌و وەك بندیوار مووچە وەردەگرن، بەسەر لیوا تایبەتەكاندا دابەشبوون‌و زۆرینەشیان لە لیواكەی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندان.

بەهۆی پابەندنەبوونیان بەمیلاكاتەوە بەشێكی زۆری لیواكانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بندیوارن كە زۆربەیان پاسەوانن‌و بەپێی یاسا رێكنەخراون‌و بەمەبەستی سەرچاوەی داهات بەكاردەهێنرێن.

لیوا تایبەتەكان لەڕووی هەیكەلی ئیدارییەوە سەر بەو یەكانەن كە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن‌و هەر بۆیە میلاك‌و شێوازی پێدانی مووچەیان دیار نییە.

سەرچاوەیەك لەناو وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەنەبوو ناوی بهێنرێت، بە رۆژنامەی(ژیان)ی راگەیاند "زۆربەی بندیوار لەهێزەكانی پێشمەرگە لە لیوا تایبەتەكاندایە لەوانە لیواكانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەبەرئەوەی هیچ سانسۆرێكیان لەسەر نییەو بەشێكی زۆریان پاسەوانن‌و بەیاسا رێكنەخراون".

ئەو سەرچاوەیە، وتیشی "پابەند نەبوون بەمیلاكاتەوە لەڕووی ژمارەوە بەبێ لێپرسینەوە خەڵكێكی زۆریان دامەزراندوە، بۆ مەبەستی سەرچاوەی داهات بەكاری دەهێنن".

لەماوەی رابردودا بەپێی وتەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، زیاتر لە 100 هەزار مووچەخۆری بندیوار لە هەرێمی كوردستان هەن، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاركردن بەسیستمی بایۆمەتری خستە بواری جێبەجێكردنەوە بەمەبەستی نەهێشتنی دوو مووچەی‌و سێ‌ مووچەی‌و بندیوار، بەڵام ئەم سیستەمەش چارەسەری بندیوارەكانی نەكردوە.

قادر رەزگەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی، بۆ (ژیان) جەختیكردەوە "دیاردەی بندیوار لەنێو هێزی پێشمەرگەدا لەحاڵەت تێپەڕیوەو دەمێكە بووە بەدیاردە، ئەم دیاردەیە تەنانەت بایۆمەتریش نەیتوانی چارەسەری بكات، چونكە بایۆمەتری تەنها دوو موچەی نەهێشت".

وتیشی "ئامانج لەبندیوار بۆ دەستكەوتنی پارەیە بۆ بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە بەشێك لەوانەی بندیوارن نیوەی موچەكەیان بۆ بەرپرسەكانیانە، بەشێكی تریان بڕێكی ڕەمزی وەردەگرن‌و ئەوی دیكەی دەچێتە گیرفانی بەرپرسەكانیان".

بەپێی ئامارێكی ساڵی 2013ی وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەی پێشمەرگە بە یەدەگ‌و خانەنشینەوە 200 هەزار پێشمەرگەیە، بەڵام لەكاتی شەڕی داعشدا، لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، تەنها 60 هەزار پێشمەرگە هەن.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری هەیئەی ئەركان لەوەزارەتی پێشمەرگە بە (ژیان)ی وت "لیوا تایبەتەكان پەیوەندییان بەوەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، ئەو لیوانە لەڕووی میلاكات‌و موچەو فەرمانەوە وەزارەت ئاگاداریان نییە‌و پەیوەندییان بەیەكەكانی دەرەوەی وەزارەتەوە هەیە".

وتیشی "یەكەكانی 70 و 80ی هێزەكانی پێشمەرگە تائێستا ژمارەیان نەداوە بەحكومەت‌و وەك وەزارەتی پێشمەرگە نازانین ژمارەی راستەقینەیان چەندە، لەبەرئەوەی پەیوەندی بەوەزارەتەوە نییەو موچە لەیەكەكان وەردەگرن تەداخولی كاروبارەكانیانمان نەكردووە".