چەوەندەر رێژەی چەوری جەستە كەمدەكاتەوە

PM:01:09:09/11/2017
كورد میدیا: هۆزان عیرفان
چەوەندەر ڕووەكێكە كە لە وەرزی زستاندا دەڕوێ و، یەكێكە لە خۆراكە هەرە تەندروستەكان و بە چەندین ماددەی سوودبەخش دەوڵەمەندەو، كاریگەری زۆر بەهێزی هەیە لە پاككردنەوەی جگەر و ریخۆڵە لە ژەهر و پاشەڕۆ زیانبەخشەكان.

توێژینەوەیەكی زانستی لە زانكۆی ئێكسیتەر لە بەریتانیا دەریخست كە خواردنی چەوەندەر بە بەردەوامی یارمەتیدەرە بۆ بەهێزكردنی ماسولكە و كەمكردنەوەی رێژەی چەوری جەستە.

شارەزایان دەڵێن، چەوەندەر سەرچاوەیەكی نایابی فۆلاتە و بڕێكی زۆر مەنگەنیز و پۆتاسیۆم، مسی تێدایە، هەروەها سەرچاوەیەكی باشی ڕیشاڵی خۆراكی و مەگنیسیۆم ،فۆسفۆر،ڤیتامین C ، ئاسن، ڤیتامین B6ی تێدایە.

توێژینەوەكان سەلماندوویانە، چەوەندەر خۆراكێكی نایابە بۆ لابردنی ژەهر، ڕیشاڵی چەوەندەر كاریگەرترین ڕیشاڵی خۆراكییە كە كاریگەرییەكی زۆری هەیە لە پاككردنەوەی كۆئەندامی هەرس و ریخۆڵەكان بە پاكی و تەندروستی دەهێڵێتەوە و هەروەها میتابۆلیزمی لابردنی ژەهری لەشیش ئاسانتر دەكات.

هەروەها چەوەندەر بەسوودە بۆ ئەو كەسانەی تووشی كەم خوێنی هاتوون، چونكە ڕێژەی ھیمۆگڵۆبینی خوێن زیاد دەكات بەشێوەیەكی خێرا.

سودێكی دیكەی چەوەندەر ئەوەیە كە دەكرێتە شەربەت و لە لایەن وەرزشكارانەوە دەخورێتەوە.

جگە لە كەمكردنەوەی كێشیش، توێژینەوە دەریخستووە كە چەوەندەر كاریگەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێنی بەرز.