هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح خۆی بۆ چوار هەڵبژاردن ئامادە دەكات

AM:11:27:09/11/2017
کورد میدیا:ژیان: تایبەت
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، دەیەوێت بەكۆكردنەوەی دیدە جیاوازەكان نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت، هاودیدەكانی ئەم هێزە نوێیە قەوارەكەیان بەچەترێك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ‌و ڕەنگە جیاوازەكان دەبینن‌و خەون بەوەوە دەبینن كوردستان لەدۆخی قەیرانەوە‌و بەرەو كەناری ئارامی بگوازنەوە.

ئەم هێزە نوێیە كە لەلایەن بەرهەم ساڵح جێگری پێشووی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لەئێستاوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و پەرلەمانی عێراق ئامادە دەكات.

پێكهاتەی ئەم هێزە تێكەڵەیەك لەخەڵكانی بیروبۆچون جیاواز، ئەم هێزە وای خۆی دەناسێنێت، كە هاوپەیمانیەتیەكی سیاسی خاوەن كەسایەتی مەعنەوەیە، لەكۆبونەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو كەس‌و لایەنانە پێكدێت، كەباوەڕیان بەپرۆگرامی سیاسی‌و پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی هەیە، كە پشت بە "ناسنامەی هاوڵاتی بوون دەبەستێت، دوور لەجیاوازی ئاینی‌و مەزهەبی‌و نەتەوایەتی، بەئامانجی هێنانەدی حوكمڕانیەكی دیموكراتی دەستووری، كە یاسا تێیدا سەروەر بێت، دادگاكان سەربەخۆبن‌و هاوڵاتیان تێیدا سەرچاوەی دروستكردنی بڕیار بن، هاوپەیمانی سیاسەت وەك ئامڕازی خزمەتكردنی هاوڵاتیان‌و پارێزگاریكردن لە نیشتمان پەیڕەو دەكات".

محەمەد ڕەئوف، هاودیدی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، كە پێشتر سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بووە، بە (ژیان)ی راگەیاند هاوپەیمانی تەبەننی هیچ ئایدۆلۆژیایەكی نەكردوەو فەلسەفەكەشی بریتیە لەعەدالەتخوازی‌و مرۆڤ سەنتەری ئامانجەكانەو هاوڵاتیش حوكمڕان دەبێت.

محەمەد ڕەوف، پێیوایە هەموو ئەو فۆڕمانەی كاری سیاسی‌و حوكمڕانی كەلەسەدەی ڕابردودا لەكوردستان هەبوون یان قۆرخكراوو بوون یان كۆنترۆڵكراوبوون یان هەردوكیان بوون‌و دواجاریش هیچكامیان سەركەوتوو نەبوون.

وتیشی "هێنانەكایەی ژیانێكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی نوێ كارێكی ئاسان نیە، چونكە ئەرك‌و كارێكی زۆر مەزن‌و مێژوویی‌و ژیانی‌و ژیاریەو دەتوانێت لەماوەی چەند ساڵێكدا گۆڕانكاری ڕیشەیی دەست پێبكات‌و حوكمڕانی ڕاشدو تەندروست بخاتە سەرپێ".

قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، مانگی 9ی 2017 لەلایەن بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی، راگەیەندرا، بەشێك لەكادیران‌و بەرپرسانی یەكێتی لەگەڵ ئەم قەوارە نوێیەدا كاردەكەن.

ئارام حەمەی مینا، هاودیدی هاوپەیمانی، قەوارەكەیان وەك هەوڵێك بۆ تێپەڕاندنی ململانێ مێژوییەكانی سۆرانی‌و بادینی، جەلالی‌و مەلایی، ئیسلامی‌و عەلمانی، چەپ‌و راست دەبینێت.

وتیشی "ئامانجێكی دیكەی تێپەراندنی هەیمەنەی نادیموكراسیانەی تاك حزبی‌و جوت حزبی، كۆتایی هێنانە بەمۆدیلی ململانێ نارەواو نایاساییەكانی حزبۆكراتی كوردیی‌و خستنەوە سەر سكەی ململانێی حزبایەتییە لەچوارچێوە یاسایی‌و دیموكراسییەكاندا".

ئارام حەمەی مینا، قەوارەكەیان بەپرۆژەیەكیش ناودەبات بۆڕیشەكێشكردنی گەندەڵی دارایی‌و كارگێری‌و كۆتایی هێنان بەمەنسوبیەت‌و مەحسوبیەت‌و تەوریسی سیاسی‌و حكومەتی ماڵباتەكان‌و فەراهەمكردنی زەمینەو هەلی یەكسان بۆ بەشداری  سەرجەم هاولاتیان لەكایەی سیاسیدا".

راگەیاندنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، لەكاتێكدایە زیاتر لە 3 ساڵە هەرێمی كوردستان لەنێو قەیرانی سیاسی‌و ئابورییدایە‌و بەشێك لەئەندامانی ئەم قەوارە تازەیەش پێشتر ئەندامی ئەو حزبانە بوون كە بەشێكی سەرەكی ململانێ‌ سیاسیەكان بوون.

موئمین زەڵمی، هاودیدی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، ئامانجێكی دیكەی قەوارەكەیان ئاشكرادەكات‌و دەڵێت "هاوپەیمانی بەئامانجی یەكخستنی ئایدیا جیاوازەكان‌و لەسەر فۆڕمی نائایدۆلۆجی راگەیەنراوەو دەیەوێت شكۆو كەسایەتی تاكی كوردی بكاتە سەنتەری هەموو هەوڵ‌و خەباتە سیاسی‌و مەدەنییەكان، دەیەوێت ڕۆڵ بداتە هەموو تاكەكان بێ جیاوازی ڕەگەزو ئایدۆلۆجیا، پسپۆڕی‌و لێهاتوویی شیاویەتی ئەرك‌و بەڕێوەبردن بێت".

وتیشی"دەمانەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن ستراتیجێكی گشتگیرو رێكخراو، دیبلۆماسیەتێكی نیشتیمانی‌و هۆشیاری سیاسی ببێتە خەباتی مەدەنی لەسەر بنەمای پەروەردەی تەندروست‌و بیركردنەوەی جیاوازو كاری پێكەوەیی".

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، بەنیازە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم هێزو لایەنەكانی سەر گۆرەپانەكە لەسەر بنەمای نیشتمانی‌و دیموكراسی‌و یاسا كارپێكراوەكان دابرێژێت.

ژنان بەشێكی دیاری نێو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەرین، دەیەوێت كۆتایی بەدیمەنی پیاوسالاری نێو سەركردایەتی حزبەكان بهێنێت‌و رۆڵی زیاتر بەژنان بدات.

سۆزان حسێن، هاودیدی هاوپەیمانی، بە(ژیان)ی راگەیاند هاوپەیمانی بەستەڵەكی نێوان ژن‌و پیاوی تێكشكاندوە‌و "سەرەتای دادپەروەری لەنێوان ژن‌و پیاو دەستیپێكرد بەوەی كە دەبێت سیستەمی نیوە بە نیوە ژن‌و پیاو وەك بەشداربن لەهەموو ئۆرگانەكانی هاوپەیمانی".
وتی "هەوڵدەدەین بۆ تێپەڕاندنی سیستەمی كۆتا بۆ ژنان لەهەڵبژاردنەكاندا".

ئەوەش لەكاتێكدایە زۆربەی حزبەكان لەئۆرگانەكانیاندا سیستمی كۆتا بۆ ژنان پەیڕەو دەكەن‌و لەپەرلەمانی كوردستان لەسەدا 30 وەك سیستەمی كۆتا بۆ ژنان دیاریكراوە.

سۆزان خاڵە شیهاب، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی‌و هاودیدی هاوپەیمانی، جەختیكردەوە ئەم هاوپەیمانیەتە بڕوای تەواوی بەیەكسانی هەیەو هانی ژنان‌و كچان دەدات كە قۆڵی لێهەڵماڵن‌و شان بەشانی پیاوان كار بكەن بۆ سەرخستنی ئەزموونی بەڕێوەبردن لەهەموو بوارەكاندا، وتی "وەك ژنانی هاوپەیمانی دەمانەوێت لەنێو هاوپەیمانیدا كۆتا تێپەڕێنین‌و هەرگیز قبوڵی ئەوە ناكەین كە بەكەمتر سەیر بكرێین یاخود بەكۆتا تواناكانمان بەرتەسك بكرێتەوە".

گەنجان بەشێكی دیاری پێكهاتەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پێكدەهێنن، ئەوان خەون بەوەوە دەبینن لەنێو قەوارە نوێیەدا تواناكانی خۆیان پیشان بدەن.

ئیسماعیل حاجی زەڵمی، ماستەر لەبواری راگەیاندن، پێیوایە لەنێو هاوپەیمانیدا گەنج سەركردەو خاوە بڕیارە نەك بەكارهێنراو و بەكۆیلە كراو.

زەڵمی، بە(ژیان)ی وت "هاوپەیمانی هەوڵی چەسپاندنی بیرۆكەی تواناسازی گەنجان دەدات وەك بیرۆكەیەكی هاوچەرخ بۆ پەرەپێدانی توانای ئەو توێژە لەڕووی خوێندن‌و زانست‌و ئەزموون‌و كاری كردەییەوە".

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، دەیەوێت ماڵی گەنجان لەسەرجەم شاروشارۆچكەكاندا دابمەزرێنێت، كەتیایدا بایەخ بەلایەنی زانستی‌و ڕوناكبیری، هونەری، وەرزش، كۆمەڵایەتی بدرێت‌و بكرێتە شوێنێك گەنجان بتوانن ڕووی تێبكەن‌و بۆ ئەوەی توانای خۆیانی تێدا بدۆزنەوە.

ئەگەر ئەم هێزە بچێتە پەرلەمان بەنیازە پرۆژەی هەبێت بۆ دەستگرۆیی گەنجان بۆ پێكهێنانی ژیانی خێزانی لەڕێگەی هاوكارییەكانی پێشینەی هاوسەرگیری‌و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان.

ناوەڕاستی مانگی 9، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان، قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری وەك یەكەم قەوارە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرد، كە بریاربوو رۆژ یەك ئەم مانگە ئەنجامبدرێت‌و دواتر لەلایەن پەرلەمانەوە هەشت مانگ دواخرا.

سەركەوت حسێن، هاویدی هاوپەیمانی‌و دانیشتوی وڵاتی ئەڵمانیا، جەختیكردەوە هاوپەیمانی دەبێت سیستەمی چەقبەستووی كارپێكراوی حزبی لەكوردستان تێپەرێنێت‌و سیستەمێكی نوێی حوكمرانی دروست لەسەر بنەمای دادپەروەری‌و دیموكراسی پەیرەو بكات.

وتی "حزب سیاسەت وەك ئامراز وەسیلە ببینێت بۆخزمەتكردنی هاوڵاتیان، نەك بێتە ئەرك‌و بار بەسەر هاوڵاتیانەوە، هیچ حزب‌و لایەنێك ناتوانێت بەتەنها حوكمرانی كوردستان بكات، پێویستە هەماهەنگی تەواو هەبێت لەنێوان لایەنەكان".

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەی، دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، لەزاری رێبوار كەریم، وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند، "بارودۆخی ئەم دوواییەی كەركوك‌و ناوچەكانی تری كوردستان شكستی سیاسی‌و حوكمڕانی دەسەڵاتدارانی كوردستان دەسەلمێنێت، ئەو حوكمڕانیە لای خەڵكی كوردستان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەی لەدەستداوەو ئیعتباری مەعنەوی‌و سیاسی نەماوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لەڕوانگەی هاوپەیمانیەوە چارەسەر دروستكردنی حكومەتێكی ئینتیقالیە، كە بتوانێت ئەركی دیالۆگ لەگەڵ بەغداو چاكردنی بژێوی خەڵك‌و سازدانی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد بگرێتە ئەستۆ".

24ی10ی2017، قەوارەی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، لەگەڵ بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، لەراگەیەندراوێكی هاوبەشدا داوای پێكهێنانی حكومەتی كاتیان كرد‌و داوایان كرد پەرلەمان مەرجەعی بڕیار بێت لەهەرێمی كوردستان.

جەلال ئەحمەد، هاودیدی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، بە(ژیان)ی راگەیاند كارو ئامانجی هاوپەیمانی چاككردنی سیستمی حوكمڕانی‌و كۆتایی هێنانە بەنەهامەتیەكان‌و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان‌و دابینكردنی مافەكانی هاوڵاتیان‌و گێڕانەوەی شكۆی تاكی كوردە.

وتی "لەبری ئەوەی سامانی وڵات بخرێتە خزمەت ئەندامانی حیزب، بەپێچەوانەوە هاوپەیمانی پرۆژەی خزمەتگوزاری دەبێت بۆ خزمەتكردن بەكۆمەڵگە، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا كارو هەوڵێكی مرۆڤ دۆستانەی بەدەر لە فەلسەفەو ئایدۆلۆژیایە".