ئەمرۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆدەبێتەوە

AM:10:01:09/11/2017
كورد میدیا:
ئەمڕۆ وڵاتانی‌ ئەندام لەهاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژی‌ داعش لە برۆكسل بەبەشداری نوێنەری ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و وەزیری‌ بەرگری‌ ئەمەریكا، كۆدەبنەوە.

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكا، سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دەكات.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیی، بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، نوێنەری ئەو وڵاتانەن كە پێشترو لە مانگی شوباتی رابردوودا، بەشدارییان لە كۆبوونەوەیەكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شاری برۆكسل كردبوو.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، وڵاتە بەشداربووەكان بریتین لە بەحرەین و كوەیت و مەغریب و سعودیەو ئوردن و عێراق.

هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژی‌ داعش بەسەركردایەتی‌ ئەمریكا لە 19 ی‌ ئەیلولی‌ ساڵی‌ 2014 ەوە بۆ روبەرووبوونەوەی داعش لەعێراق و سوریا پێكهێنرا.