شازاده‌كانی‌ سعودیه‌ له‌ هۆتێلێكی 5 ئه‌ستێره‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون

PM:06:33:08/11/2017
كورد میدیا:
شازاده‌ و وه‌زیره‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی‌ سعودیه‌ له‌ هۆتێلێكی 5 ئه‌ستێره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ریازی‌ پایته‌ختی‌ سعودیه‌ ده‌ستگیركروان و له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ به‌ خۆشگوزه‌رانترین زیندانی جیهان داده‌نرێت.

كەناڵەكانی راگه‌یاندن بڵاویانكرده‌وه‌ ئه‌و هۆتێله‌ بۆ شازاده‌و به‌رپرسه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی سعودیه‌ ئاماده‌كراوه‌، ئه‌ویش به‌ بڕیاری لیژنه‌ باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌سه‌رۆكایه‌تی شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی سعودیه‌.
 
له‌ ڤیدیۆیه‌كدا كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییەكان بڵاوكراوەتەوە‌، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و كه‌سانه‌ی دەستگیركراون له‌ هۆڵی هۆتێله‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانراون‌و پاسه‌وانی دەكرێن.

رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی بڵاویكردووەتەوە ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌ سه‌عات 11ی شه‌وی دووشه‌ممه‌ داوایان له‌ میوانانی هۆتێله‌كه‌ كردووه‌ به‌ خێرایی شوێنكه‌ به‌جێبهێڵن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ روونكردنه‌وه‌ك بده‌ن، پاشان میوانەكان سواری پاس ‌كراون و گواستراونەتە‌وه‌ بۆ هۆتێلێكی تر.

به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌كه‌ له‌ هه‌مان شه‌ودا گواستنه‌وه‌ی 30 له‌ شازاده‌و به‌رپرسی دەسگیركراو به‌ پاس گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ هۆتێلی ریتز كارلتۆن.

رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز له‌ زاری چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مریكا‌وه‌ كه‌  به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن، بڵاویكرده‌وه‌ ‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنانە‌ به‌ به‌شداری نزیكه‌ی 500 ئه‌ندامی ئاسایشی سعودیه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

گاردیان له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی سعودیهوە كە‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت، ئه‌وه‌شی بڵاوكرده‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌و هۆتێله‌ بۆ دەستبەسەركردنی شازاده‌و به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كان باشترین چاره‌سه‌ر بووه‌، وتوشیه‌تی كه‌ نه‌ده‌كرا ئه‌وان بخرێنه‌ زیندانێكی تره‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و هۆتێله‌ باشترین جێگابووە‌ بۆ ئه‌وان.

رۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ ئه‌گه‌ر شازاده‌ محه‌مه‌د عه‌لی له‌ به‌ندینخانه‌ی گشتی بووایە ئەوا ده‌بووه‌ هۆی توڕەیی خێزانی شاهانه‌، چونكه‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویان له‌ نێواندا هه‌یه‌.