ئوسترالیا لەبارەی ڕەوشی پەنابەرانی دوورگەكان، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

PM:12:22:08/11/2017
كورد میدیا:
وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لەسەر ماڵپەری فەرمی ئەو وەزارەتە بڵاوكراوەتەوە، چەند زانیاریەك لەبارەی داخستنی كەمپەكانی پەنابەران لە دوورگەی مانوسی پاپانیوگینیا ئاشكرادەكات.

بەپێی زانیاریەكانی ناو ئەو ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا ڕەتیدەكاتەوە كە پەنابەران و پەناخوازانی ناو ئەو كەمپانەیان فەرامۆش كردبێت بەڵام پاش ئەوەی حكومەتی پاپانیوگینیا كەمپەكانی پەنابەرانی لە دوورگەی مانوس  لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا داخست، ستافی وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا ئەو دەستەڵاتەیان نەبووە كە بتوانن لەو دوورگەیە بمێنێتەوە و بەوەش بەجێیانهێشتووە.

هاوكات ڕاگەیەندراوەكە داوا لە پەنابەر و ئەو پەناخوازانەش كە كەیسەكانیان ڕەتكراوەتەوە دەكات كە بگوازنەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە لەلایەن حكومەتی پاپانیوگینیاوە لەپاش داخستنی كەمپەكانیان بۆیان دابینكراوە و لەوێش دەتوانن سودمەند بن لەو خزمەتگوزاریانەی كە لەناو ئەو شوێنە نوێیانەدا هەیە.
 
پەنابەران و پەناخوازانی دوورگەی مانوسی پاپانیوگینیا و ناورۆ ئەو كەسانەن كە پێشتر ویستویانە بە قاچاخ و بە بەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بكەن بەڵام دەستگیركراون و ڕەوانەی ئەو كەمپانە كراون و هەرگیز لە ئوسترالیا نیشتەجێ ناكرێن، بەندكردنی ئەو پەنابەرانە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بۆتە جێگەی نیگەرانی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی پەنابەران و بە پێشێلكاریەكی مافی ئەو پەنابەرانەی دەزانن.