بەرپرسێكی ئێران: دوو ملیۆن و نیو هاوڵاتی ئێرانی چونەتە عێراق

PM:02:06:06/11/2017
كورد میدیا:
بەرپرسێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندوە، نزیكەی ٢ ملیۆن و نیو هاوڵاتی ئێرانی، بەمەبەستی بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حسێن رویانكردووەتە شاری كەربەلا.

میر مەسعود حسینیان، كونسوڵی ئێران لە كەربەلا بەئاژانسی (ئیرنای ئێرانی) ڕایگەیاندوە"نزیكەی ٢.٥ ملیۆن هاوڵاتی ئێرانی بەمەبەستی بەشداریكردن لەچلەی ئیمام حسێن چونەتە وڵاتی عێراق و شاری كەربەلا''.

حسێنیان ئاماژەی بەوەش داوە، (ئیرەج مەسجدی) باڵیۆزی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتی لیژنەیەك دەكات بۆسەردانی چلە لە عێراق كە خۆی لە ٧ لیژنە دەبینێتەوە و لە شارەكانی كەربەلا و بەسرە و سامەرا و نەجەف و كازمیە بڵاوبونەتەوە.

هاوكات وتویەتی"هەریەكێك لەو لیژنانە پێكهاتوون لە چەند كەسێك و تایبەتن بە چەند پرسێكی وەك دانیشتوان و پرسە و ئەمن و تەندروستی و پەیوەندی و كاروباری ئیداری".

ئەو بەرپرسە باڵایەی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە هەر شەوێكدا نزیكەی 350بۆ 400 هەزار هاوڵاتی لە كەربەلا شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دابین دەكرێت.


زۆرترین خوێنراو‌