كۆڵبەرەكان تولە رێگاكانی‌ ئێران‌و كوردستان پێكەوە گرێ‌ دەدەنەوە

PM:01:45:05/11/2017
کورد میدیا:ژیان: نیقاش
لەسەر سنوری‌ نێوان كوردستان‌و ئێران، بەسەدان كەس هەموو رۆژێك ژیانی‌ خۆیان دەخەنە بەردەم مەترسییەكی‌ راستەقینەو بەكۆڵ‌و بارێكی‌ قورسەوە دەكەونە بەردەم هەڕەشەی‌ مین‌و گوللە.

كۆڵبەرەكان، ئەو كەسانە كە ساڵانێكی‌ دوورو درێژە لەنێوان ئێران‌و هەرێمی‌ كوردستاندا بەكۆڵ‌و لەرێی‌ وڵاخەوە، باری‌ قاچاغ هاتوچۆ پێدەكەن، هەرچەندە ئەوان تائێستا هۆكارێكی‌ گرنگ بوون بۆ ئەوەی‌ ئابڵوقەی‌ نێودەوڵەتی‌ سەر ئێران سووك بكەن، بەڵام لەوە دەچێت ئیتر بۆ هەرێمی‌ كوردستانیش كاری‌ كۆڵەبەرەكان ببێتە پێداویستییەكی‌ حەتمی‌، چونكە ئەگەر بەهۆی‌ كێشەی‌ ریفراندۆمەوە ئێران بەردەوام بێت لەداخستنی‌ بەشێكی‌ سنورەكانی‌ بەڕووی‌ هەرێمدا، ئەوە تاكە سەرچاوەی‌ هاتوچۆی‌ كەلوپەل لەشوێنە داخراوەكان، ئەو كۆڵبەرانە دەبن.

لەنێوان ئێران‌و كوردستاندا چەند دەروازەیەكی‌ فەرمی‌ سنوری‌ هەیە كە دیارترینیان دەكەونە ناوچەكانی‌ پێنجوێن‌و پشدەر لەخۆرهەڵاتی‌ سلێمانی‌‌و شارۆچكەی‌ سۆران لەخۆرهەڵاتی‌ هەولێر، بەڵام لەدووری‌ ئەو دەروازانەوە چەند كەسێك بەتولەرێی‌ قاچاغ لەنێوان هەردوو بەری‌ سنورەكەدا هاتوچۆ دەكەن، هەرچەندە تەمەنی‌ ئەم جۆرە جموجۆڵە زیاتر لە (25) ساڵە، بەڵام لەماوەی‌ رابردوودا ئێران بەهۆی‌ قایمكردنی‌ سنورەكانیەوە ئاستەنگی‌ گەورەی‌ بۆ كۆڵبەرەكان دروستكردووە.

پەیامنێری‌ "نیقاش" لەدوو رۆژی‌ جیاوازدا چووە گوندەكانی‌ (زەڵێ‌‌و قاسمەڕەش)ی‌ قەزای‌ پشدەر لەباكوری‌ ڕۆژهەڵاتی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و هاو سنور لەگەڵ شاری‌ (سەردەشت) لەكوردستانی‌ ئێران، هەروەها چووە دواخاڵی‌ سنوری‌ لەمەرزی‌ حاجی‌ ئۆمەران لەباكوری‌ رۆژهەڵاتی‌ شاری‌ هەولێر بۆ ئەوەی‌ لەنزیكەوە ئاگاداری‌ جموجۆڵی‌ كۆڵەبەرەكان بێت.

مامەڵەكان لێرەوە دەست پێدەكەن كە خاوەن كۆگا كوردەكان لەشارو گوندەكانی‌ سنوری‌ قەزای‌ (پشدەرو سۆران) لەسنوری‌ هەرێمی‌ كوردستان چەندین كەلوپەلی‌ وەك (ماكیاژ بۆن، قوماش، جگەرە، تایەو مۆبایل، تەلەڤزیۆن، كۆمپیوتەرو جۆرەكانی‌ تری‌ ئامێرە ئەلكترۆنییەكان‌و ئەشیای‌ كارەبایی‌و مادە كحولییەكان...هتد) لەكۆگاكانیان كۆدەكەنەوە.

ئەم كەلوپەلانە ئێران رێیان نادات بەشێوەیەكی‌ فەرمی‌ لەسنورەكانەوە بچنە ئەو وڵاتە، بۆیە چەند بازرگانێكی‌ ئێرانی‌ لەوڵاتانی‌ دیكە دەیانكڕن‌و بۆ كوردستانیان دەنێرن، تا لەوێوە بەقاچاغ ئاودیوی‌ ئێران بكرێن.

هاوكار ئەحمەد خاوەن كۆگایەكە لەحاجی‌ ئۆمەران كە دوا خاڵی‌ سنورییە بەدوری‌ نزیكەی‌ 150 كم دەكەوێتە باكوری‌ ڕۆژهەڵاتی‌ شاری‌ هەولێرو هاوسنور لەگەڵ شاری‌ (خانێ‌)ی‌ ئێران بۆ "نیقاش" وتی‌: "رێككەوتون لەگەڵ بازرگانە ئێرانییەكان كەلوپەلەكان دەنێرنە لای‌ ئێمە، دواتر لەسەر داواكاری‌ خۆیان  بەئۆتۆمبێل‌و ئاژەڵی‌ بەرز (ئەسپ)، كەل‌و پەلەكان دەگەیەننە ئەو كۆڵبەرانەی‌ كە لەدوا خاڵی‌ سنور لەگوندەكان وەستاون‌و چاوەڕوانی‌ كۆڵێك دەكەن بۆ گەیاندنی‌ بەئێران.

لێرەوە ئیتر رێی‌ ئۆتۆمبێل نامێنێت‌و رێی‌ ئەسپیش زەحمەت دەبێ‌، ئینجا ئەو كەسانە بارەكان بەكۆڵ هەڵدەگرن‌و بەناو چیاو دۆڵەكاندا دەیبەنە دیوی‌ ئێران.

مەترسییەكان لەسەر ژیانی‌ كۆڵبەران ئەو كاتە دەست پێدەكەن كە كۆڵبەرەكان لەژێر چاودێری‌ بەردەوامی‌ هێزە نیزامییەكانی‌ ئێراندا بەكۆڵە قورسەكانیانەوە خاڵە سنورییەكان تێدەپەڕن، لە ئەگەری‌ بینینیان لەلایەن پاسدارانی‌ ئێران بەر دەستڕێژی‌ گولـلە دەدرێن.
كۆڵبەران لەلایەن پاسەوانی‌ سنوری‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە هیچ كێشەیەكیان رووبەروو نابێتەوە، چونكە هەموو ئەو كەلوپەلانەی‌ پێیانە بەشێوەیەكی‌ یاسایی هاتونەتە كوردستانەوەو گومرگ كراون.

ئومێد كۆڵبەرێكی‌ كوردی‌ عێراقە ئەو لەبارەی‌ مەترسییەكان لەسەر ژیانی‌ بۆ "نیقاش" وتی‌: "لەژێر ترسی‌ گولـلەی‌ پاسدارە ئێرانییەكان لەشەودا پێنج كیلۆمەتر بەپێ دەبڕین‌و بارەكە دەگەیەنینە دیوی‌ ئێران، لەوێ‌ كۆڵبەرێك كە لە شارەكانی‌ ئێرانی‌ هاو سنور لەگەڵ كوردستانی‌ عێراقەوە هاتووەو چاوەڕوانەو كۆڵەكەی‌ تەسلیم دەكەین".

هەر كۆڵبەرێك لەبەرامبەر گوێزانەوەی‌ هەشتا كیلۆگرامدا بڕی‌ 150 هەزار تومان وەردەگرێت كە نزیكەی‌ (30) دۆلار دەكات، ئەوە ئەگەر لەكاتی‌ گواستنەوەی‌ كۆڵەكەدا تیا نەچێت.

ئومێد نازانێ‌ كەی‌ سەرەی‌ ئەو دێت بۆ ئەوەی‌ بدرێتە بەر دەستڕێژی‌ گوللە، چونكە تائێستا چەند هاوڕێیەكی‌ نزیكی‌ خۆی‌ لەو رێگایەدا تیاچوون.

لەو كاتەی‌ پەیامنێری‌ "نیقاش" چووە لای‌ كۆڵبەرەكان، سەرقاڵی‌ كۆكردنەوەی‌ كۆڵ‌و بارەكەیان بوون، زۆربەیان ئامادەنەبوون هیچ شتێك بڵێن، تەنیا چەند یەكێكیان ئامادەیی‌ دەربڕی‌ بەو مەرجەی‌ ناو راستەقینەیان بڵاونەكرێتەوە.

سەربەست، ناوی‌ خوازراوی‌ یەكێك لەو كۆڵبەرانەیە كە خۆی‌ دانیشتوی‌  پیرانشاری‌ ئێرانە، ئەو رۆژانە لەدوا خاڵی‌ سنوری‌ ناوچەكانی‌ (كانییە خواو شاخە ڕوخاو)ی‌ وڵاتی‌ ئێران‌و هاو سنور لەگەڵ كۆتا خاڵی‌ سنوری‌ ناوچەكانی‌ (سۆران‌و حاجی‌ ئۆمەران)ی‌ كوردستانی‌ عێراق كاری‌ كۆڵبەری‌ دەكات، ئەوەی‌ ئاشكراكرد كە بەر لە دوو مانگ بە دەستڕێژی‌ گولـلەی‌ پاسدارانی‌ ئێران بریندار بووەو هاوڕێكەشی‌ گیانی‌ لەدەست داوە، باسی‌ لەوەش كرد بەمەبەستی‌ چارەسەر بەبرینداری‌ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەیەكی‌ شاری‌ هەولێرو لەوێ‌ چارەی‌ بۆ كراوە، بەڵام وەك خۆی‌ دەڵێت بەهۆی‌ نەبوونی‌ كارەوە، پاش چاكبوونەوەی‌ برینەكەی‌ گەڕاوەتەوە بۆ سەر هەمان كار.

جگە لەگوللەی‌ پاسداران، مەترسییەكی‌ تر لەسەر ژیانی‌ كۆڵبەرەكان ئەو مینە چێندراوانەن كە لە جەنگی‌ هەشت ساڵەی‌ عێراق ئێراندا چێنراون.

بەپێی‌ راپۆرتێكی‌ كۆمەڵەی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كوردستان كە دەستەیەكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كوردستانی‌ ئێرانە، لەسەرەتای‌ ئەمساڵەوە تا كۆتایی مانگی‌ ئاب  (7) كۆڵبەر لەسەر سنورەكانی‌ شاری‌ (ماكۆ) لەنێوان عێراق‌و ئێران بەهۆی‌ تەقینەوەی‌ مینەوە گیانیان لەدەستداوەو (27) كۆڵبەری‌ تریش بریندار بوون.

ئەم ماوەیە لەبەر ئەوەی‌ ئێران زیاتر لەجاران رێوشوێنەكانی‌ توندوتۆڵكردووە، بۆیە باس‌و خواسی‌ كۆڵبەرەكان زیاتر لەئارادایە، لەمانگی‌ ئابی‌ ئەمساڵدا لە شارە كوردییەكانی‌ كوردستانی‌ ئێران (بانە‌و سنە‌و مەریوان‌و سەردەشت) بۆ ماوەی‌ چەند رۆژێك بۆ پشتیوانی‌ لەكۆڵبەران خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی لەلایەن هاوڵاتیانی‌ ئەو شارانەوە ئەنجامدران.

عەبدولسەلام قادری‌، پیاوێكی‌ تەمەن 60 ساڵی‌ دانیشتوی‌ شاری‌ (بانە)یە لەكوردستانی‌ ئێران‌و باوكی‌ واحید قادری‌ كۆڵبەرە كە كوڕەكەی‌ مانگی‌ تەمموزی‌ ئەمساڵ بەهۆی‌ دەستدرێژی‌ گوللەی‌ پاسدارانەوە كوژرا.

عەبدولسەلام لەرێی‌ پەیوەندی‌ تەلەفۆنییەوە بەقوڕگی‌ پڕ گریانەوە قسەی‌ بۆ "نیقاش" كردو وتی‌ "كوڕەكەم هەشتا كیلۆ باری‌ بەكۆڵەوە بوو كە پاسدارەكان دایانە بەر دەستڕێژی‌ گوللەو كوشتیان".

یەكێكی‌ تر لەو كۆڵبەرانەی‌ قسەی‌ بۆ "نیقاش" كرد یاسین سەعیدی‌ تەمەن 30 ساڵ بوو، ئەو خۆی‌ خەڵكی‌ شاری‌ مەریوانی‌ ئێرانە، بەڵام بەهۆی‌ كارەكەیەوە لەهەرێمی‌ كوردستان دەژی‌.

یاسین وەك خۆی‌ دەڵێت لەتەمەنی‌ دوانزە ساڵییەوە خەریكی‌ ئەم كارە بووەو تائێستاش بەردەوامە، هەروەها وتی‌ "دەزگا ئەمنییەكان ئێران وتیان یان دەبێ‌ واز لەكۆڵەبەری‌ بهێنیت یاخود ئێران جێبهێڵیت، منیش لەترسدا پێنج ساڵە لەهەرێمی‌ كوردستان دەژیم".

لەبەر ئەوەی‌ خواردنە كهولییەكان بەهەموو شێوەیەك لەئێراندا قەدەغەیە، بۆیە یەكێك لەبارە زەحمەتەكان كە دەیگوازنەوە ئەو خواردنەوانەیە، دەوترێ‌ روویداوە هەندێ‌ لەكۆڵبەرەكانیش ماددەی‌ هۆشبەریان لەئێرانەوە هێنابێتە هەرێمی‌ كوردستان، هەرچەندە كۆڵبەرەكان خۆیان ئەوە بەتەواوی‌ رەت دەكەنەوە.

محەمەد فازڵ، وتەبێژی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایشی‌ ئیدارەی‌ ڕاپەڕین لەپارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ "نیقاش"  وتی‌ "مادەی‌ هۆشبەر لەوڵاتی‌ ئێران لەرێگەی‌ بازرگانەكانەكانەوە دەهێندرێتە كوردستان‌و بازرگانانی‌ ئەو ماددانە هەموو ڕێگایەك تاقی‌ دەكەنەوە، بۆیە بەدووری‌ نازانین لەڕێگەی‌ كۆڵبەرانەوە ئەو مامەڵانە ئەنجام بدرێت،  یاخود بەبێ‌ ئاگاداری‌ كۆڵبەران مادەی‌ هۆشبەر بخرێتە ناو كۆڵەكانیانەوە".

كاری‌ سەرەكی‌ كۆڵەبەرەكان لەئێستادا گواستنەوەی‌ بارە بۆ دیوی‌ ئێران‌و هێنانی‌ هەندێ‌ وردە پێداویستییە لەو دیوەوە، بەڵام مەزەندە دەكرێت لەچەند هەفتەی‌ داهاتوودا ئەركەكەیان پێچەوانە ببێتەوە.

بەهۆی‌ ریفراندۆمەوە هەڕەشەیەكی‌ جدیی لەئارادایە كە ئێران بەشێك لەسنورەكانی‌ بەرووی‌ كوردستاندا نەكاتەوە، ئەگەر ئەم گریمانەیە سەربگرێت، ئەوە قورسایی دابینكردنی‌ كەلوپەلەكانی‌ كوردستان دەكەوێتە ئەستۆی‌ كۆڵبەران، بەتایبەتی‌ كە هەرێمی‌ كوردستان بەشێكی‌ گرنگی‌ بازاڕەكەی‌ لەرێی‌ ئێرانەوە پڕدەكرێت.