دكتۆرە میدیا چارەسەری ئاوارەی ناوچەكانی جێناكۆك دەكات

PM:12:34:05/11/2017
کورد میدیا:ژیان: كەركوك ناو
دكتۆرە میدیا، نەخۆشخانە خێرخوازییەكەی لەبناری قەندیلەوە بۆ ناوچەكانی گەرمیان بەجێهێشت بۆ بەهاناچوونی ئاوارەكانی بارگرژی ناوچەكانی جێناكۆك، تا چارەسەری پزیشكییان پێشكەشبكات.

لەدوزخورماتوو، كەركوك‌و ناوچەكانی تری جێناكۆكەوە، زیاتر لەدوو هەفتەیە هەزاران خێزان ماڵەكانی خۆیان جێهێشتووە بەهۆی بارگرژی ناوچەكانیانەوە، ئێستا لەئاوارەییدا پێویستییان بەچارەسەری پزیشكی‌و هاریكاریی مرۆیی هەیە.

میدیا هەڤیان، كە پزیشكێكی ئەڵمانییە‌و 24 ساڵە لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەقەندیل خۆبەخشانە هاوكاری خەڵك دەكات، لەقەزای كفری سەر بەئیدارەی گەرمیان نەخۆشخانەیەكی كاتی بەهاوكاری شەش پزیشكی تر بۆ ئاوارەكان كردۆتەوە.

ئەو پزیشكە ئەڵمانییە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا ئێمە تیمێكی پزیشكین‌و لەگوندی وارنی لەباوە، كابینەیەكەمان داناوە، بۆ هاوكاریكردنی نەخۆش ‌و ئاوارەی خاوەن پێداویستی دوزخورماتوو ‌و كەركوك".

ئەو تیمە پزیشكییە لەلایەن تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستانەوە (حزبێكی سیاسی هەرێمی كوردستانە‌و بەنزیك لەپەكەكە هەژماردەكرێت) دانراوە، بەشێكیان لەكابینەكەدا چارەسەر بۆ هاوڵاتیان دەكەن‌و ئەوانیتر بەشێوەی گەڕۆك، نەخۆش‌و كەسانی خاوەن پێداویستی‌و پەككەوتووە دەبینن تا چارەسەریان بۆ بكەن.

وەك میدیا دەڵێت، دەرمان‌‌و پێداویستی تەواوی پزیشكییان هەیە، پێداویستیەكان لەلایەن تەندروستی كفری‌وو رێكخراوە خێرخوازیی‌و كەسایەتیەكانەوە دابیندەكرێت، دەڵێت "بەهۆی سەرماوە بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی منداڵی ئاوارەكانی دووزو كەركوك تووشی سكچوون‌و پەتا بوون، بۆیە ئەركی ئێمەیە چارەسەری تەواو بۆ گەلی خۆمان بكەین".

میدیا 24 ساڵە لە بناری قەندیل‌ لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، نەخۆشخانەیەكی بچوكی خۆبەخشی كردۆتەوە، چەند ساڵێك لەمەوبەر بۆ هاوكاری خەڵكی لێقەوماوی دەستی داعش چووە كۆبانێ‌ لە كوردستانی سوریا‌و ساڵی 2015یش، لە قەزای شەنگال لە نەینەوا بۆ هاوڵاتیان نەخۆشخانەیەكی كردەوە‌و ماوەیەك لەوێ‌، خزمەتی كرد.

"لە هەر جێگایەك زەحمەتی هەبێت، ئەرك‌و كار زیاتر دەبێت، زەحمەتی بۆ ئێمە نییە، چونكە گەلەكەمان پێویستی بەئێمەیە”، بە لای ئەو پزیشكە ئەڵمانییەوە ئەوەی دەیكات ئەركی مرۆڤانەی خۆیەتی.

میدیا وتی "لەهەر شوێنك ناهەقی هەبێت، شۆڕش دەبێت بەئەرك، ئەركی ئێمەش بریتییە لە شۆڕش، هەرگیز پشت لە گەلێكی شوڕشگێڕی وەك كورد ناكەم، تا تەمەن مابێت خزمەت بەگەلی كورد دەكەم".

دكتۆرە میدیا، لە ساڵی 1964 لەشاری هامبۆرگ لە ئەڵمانیا لەدایكبووەو بەشی پزیشكیی گشتی لە زانكۆی هانۆڤەر تەواو كردووە، هاوكات پلەی دكتۆراشی هەر لەو شارە بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1993وە، بەیەكجاری چۆتە سنوری هەرێمی كوردستانی عیراق.