لەپەرلەمانی كوردستان چی روویدا؟
وازهێنانی بارزانی بەمێزكوتان، پەلاماری رۆژنامەنوس‌و پەرلەمانتاردا تێپەڕی

PM:03:52:30/10/2017
كورد میدیا: كەركوك ناو
پەرلەمانی كوردستان، لە دۆخێكی پڕ لە بارگرژیی لە نێو هۆڵی كۆبوونەوە‌و دەرەوەی باڵەخانەكەیدا كۆبووەوە، بۆ خوێندنەوەی نامەی وازهێنانی بارزانی‌و دابەشكردنی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم.

لەو دانیشتنە داخراوەی پەرلەماندا دوانیوەڕۆی یەكشەممە 29-10-2017، بە ئامادەبونی هەموو فراكسیۆنەكان نامەیەكی مەسعود بارزانی خوێندرایەوە‌و تێدا رەتیكردۆتەوە بەردەوامبێت لە پۆستەكەیی‌و دواتر، بەپێی یاسایەك زۆرینەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر حكومەت، پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشكران.

پەلاماردانی پەرلەمانتار

لە یەكەم ئاڵۆزی نێو پەرلەمانی كوردستان، بە بەرچاوی هەموو میدیاكانەوە‌و لە كاتی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، هێرشكرایە سەر پەرلەمانتارێكی كوردستان.

رابون مەعروف، پەرلەمانتار‌و (پێشتر لە فراكسیۆنی گۆڕان دورخرایەوە) وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەخنەی لە ئەدای چەند ساڵی رابردووی دەسەلاتدارێتی بارزانی كرد‌و ئاماژەی بە رووداوەكانی كەركوك‌و كشانەوەی فەرماندە سەربازییەكان كرد.

لە كاتی ئەو قسانەدا، هەندێك كەس بە دەنگی بەرز تۆمەتباركرد بە قسەی نەشیاو و خراپ باسكردنی پێشمەرگە، هەرچەندە ئەو رەتیكردەوە، بەڵام دواتر پەلاماریان دا‌و لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە دورخرایەوە.

ئاڵۆزی ناو هۆڵی كۆبوونەوە
بە ماوەیەكی كەم دوای دەستپێكردنی دانیشتنە ئاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان بەداخراوی، ئاڵۆزی لە كاتی خوێندنەوەی نامەكەی بارزانی سەریهەڵدا‌و بەهۆیەوە بۆ زیاتر لە كاتژمێرێك، كۆبوونەوەكە راگیرا.

بەپێی میدیای بزووتنەوەی گۆڕان، فراكسیۆنی ئەو بزووتنەوەیە ناڕەزاییان دەربڕیووە بەهۆی ئاگادارنەبونیان لە بەرنامەی كار‌و ئەو پرۆژە یاسایەی بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، ئامادەكرابوو.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی یەكێك لە پەرلەمانتارەكان تۆماری كردووە لەكاتی ئاڵۆزییەكاندا‌و لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاوكراوەتەوە، بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان بە تایبەت گۆڕان، دەەگی ناڕەزایی بەرزدەكەنەوە لە دانیشتنەكەدا‌و بە توندی دەكێشن بە مێزەكانی بەردەمیاندا.

هەر بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە، لە بەرانبەردا جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت بۆ 24 كاتژمێر بۆیان نییە بچنەوە دانیشتنەكەی پەرلەمان بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی ناڕەزایی دەردەبڕن، رەتیدەكەنەوە هۆڵەكە جێبهێڵن.

هێرشی سەر پەرلەمان‌و لێدان لە رۆژنامەنوس
چەند كاتژمێرێك دوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكەی پەرلەمان، ژمارەیەك هاوڵاتی لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان كۆبوونەوە بۆ ناڕەزایی دژی قسەكانی رابون مەعروف‌و بە خرا باسكردنی پێشمەرگە تۆمەتباریان كرد.

ناڕازییەكان دوای ماوەیەك بەربەستی ئەمنی پاسەوانەكانیان بڕی‌و گەیشتنە حەرەمی پەرلەمان، وەكو لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت، دار‌و ئاسن‌و چەند كەرەستەیەكی تریان بە دەستەیەوە‌و بە دەم چەند دروشمێكەوە، بەرەو هۆڵی پەرلەمان رۆیشتن.

سەروەر عەبدولرەحمان، سەرۆكی سەنتەری پەی بۆ چاودێری كارەكانی پەرلەمان لە ناو پەرلەمانەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ژمارەیەكی زۆر خەڵكی نەناسراو هاتنەە ناو پەرلەمان‌و بەر دەرگای هاتنە ناو بینای پەرلەمان”.

تیشی "دۆخەكە شڵەژبوو، ئەو كەسانەی هاتنە ناوەوە دەیانویست گرفت بۆ دانیشتنەكەی پەرلەمان دروستبكەن”.

خۆپیشاندەران، لە یەكەم هەنگاوی ناو پەرلەمان بە دار پەلاماری تیمێكی كەناڵی ئێن ئاڕتی-یان دا‌و لێیاندان، دواتر‌و بەپێی میدیاكانی كەی ئێن ئێن‌و رۆژنیوز، هێرشكراوەتە سەر تیمە رۆژنامەوانییەكانی ئەوانیش.

رێناس عەلی، پەیامنێری ئێن ئاڕتی دەڵێت كاتی گردبونەوەی ناڕازییەكان هیچ هێزێكی چالاكی مەدەنی‌و هێزی دیكە لەبەر دەرگای پەرلەمان نەبوون، بۆ (كەركوك ناو) وتی "من بەزۆر رزگارم بوو، بەڵام ئەو ژمارە زۆرە بۆ لێدان لە رابوون مەعروف‌و كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی‌و كەی ئێن ئێن هاتبوون”.

(كەركوك ناو) پەیوەندیكرد بە عەبدلوستار، بەرپرسی ئاسایشی ناو پەرلەمانی كوردستان بەڵام بە پاساوی سەرقاڵی ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

بەهۆی هێرشی ناڕازییەكانەوە، چەند رۆژنامەنوسێك برینداربوون‌و زیانی زۆریش بەر كەرەستە میدیاییەكانیان كەوت.

ئارام بۆرە، یەكێك بووە لەو رۆژنامەنوسانەی كاتی هێرشەكە لە نێو پەرلەماندا بووە‌و بە (كەركوك ناو)ی وت "لەپڕ خەڵكێكی زۆر هاتنە ناو پەرلەمان كە داریان بە دەستەوە بوو، لەپەیامنێرانی ئێن ئاڕتی‌و كەی ئێن ئێن-یان دا.. دواتر رۆژنامەنووسان شڵەژان‌و هەڵاتن”.

بەشێك لە رۆژنامەنوسەكان بەرەو سەنتەری میدیایی پەرلەمان رۆیشتون، بەشێكیان بۆ دەرگای پشتەوەی پەرلەمان‌و ئەوانی دیكەش كەوتنە ناو هێرشبەرەكانەوە، دواتر بۆ بڵاوەپێكردنی ناڕازییەكان لەنێو حەرەمی پەرلەماندا تەقە كرا.

كاردانەوەكان
رووداوەكانی ناو پەرلەمان چەندین كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا‌و لە یەكەم پەیامیشدا، سەرۆكی پەرلەمان بە توندی ئیدانەی هێرشەكانی كرد.

یوسف محەمەد لە پەیامەكەدا دەڵێت "كۆمەڵێ بەڵتەجی‌و كەسانی تێكدەر، دوور لە هەمو بەهایەكی مرۆیی و بە هاندانی حیزبیی هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پەرلەمان‌و بە بێ هیچ ڕێگرییەكی هێزە ئەمنییەكان، پەلاماریی پەرلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسانیاندا”.

لەبارەی پەلاماردانی رۆژنامەنوسانیشەوە، سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا وێڕای ئیدانە كردن‌و ئەو هەنگاوەی بە "لوتكەی بێڕێزی بوو بە یاسا” ناوبرد، كاتێك "كۆمەڵێك تیڵاوەشێن‌و چەقۆ بەدەست بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە حەرەمی پەرلەمانی كوردستانیان شكاند و پەلاماری بەشێك لە پەیامنێری كەناڵەكانیان دا”.

هاوكات خەڵەف غەفور، پەرلەمانتاری یەكێتی جەختیكردەوە ئەوەی روویدا تەواو نایاسایی بووە‌و رێگەنادەن، پشێوی لەو جۆرە بەردەوامی هەبێت.

كۆتایی دانیشتنەكەی پەرلەمان

پەرلەمانی كوردستان، دوای چەند كاتژمێرێك لە كۆبوونەوە‌و مشتومڕ، بە زۆرینەی دەنگ یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی بەسەر حكومەت، پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشكرد.

هەر لەو یاسایەدا، بڕیاردرا بە راگرتنی كاركردن بەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم تا هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و خولی پێنجەمی پەرلەمان، كە دەكەوێتە مانگەكانی كۆتایی ساڵی داهاتوو.

لە دانیشتنەكەی پەرلەمان دەقی نامەكەی مەسعود بارزانیش خوێندرایەوە، كە تێیدا دوای 12 ساڵ مانەوەی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیكردۆتەوە "لەدوای 1-11-2017 بەردەوام بوونم لەم پۆستە رەتدەكەمەوە، نابێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە یان تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم درێژبكرێتەوە”.

هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی 11ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم‌و پەرلەمان بكرێت، بەڵام پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ هەشت مانگی تر درێژكردەوە‌و ئەو پرۆسەیەی دواخست.