کار بۆ حکومەتی کاتیی هەرێم دەکرێت

PM:01:57:23/10/2017
کورد میدیا:ژیان: شۆڕش محەمەد
پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی دەكەن.

ئەمریكا‌و ئێران، ڕەزامەندییان لەسەر پێكهێنانی حكومەتە كاتیەكە‌و گەڕانەوە بۆ بەغداد نیشانداوە، بۆ پێكهێنانی حكومەتە كاتیەكە لایەنەكان لەنێوان خۆیاندا‌و لەگەڵ یەكتریش كەوتونەتە گفتوگۆ، بەڵام تائێستا یەكلانەبونەتەوە.

لەدوای روداوەكانی 16ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ‌و پاشەكشەی هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان، پرسی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی كاتی وروژێنرا.

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە (ژیان)ی وت "پێشنیاری پێكهێنانی حكومەتی رزگاری نیشتیمانی پێشنیارێكی باشە كە بەهەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان حكومەتێكی رزگاری نیشتیمانی دروست بكرێت".

جەختیشی كردەوە "وەك یەكێتی پشتگیری لەدروستكردنی حكومەتێكی رزگاری نیشتیمانی دەكەین".

بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی لەبەیاننامەیەكدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتە‌و پێكهێنانی حكومەتی كاتی كرد، پێداگری لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسانی هەرێم دەكات.

ئاسۆ مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (ژیان)ی راگەیاند "بۆ ئەوەی زیانەكان كەمتر بكەینەوە پێویستە هەموو لایەنەكان جارێكی تر كۆببینەوە حكومەتی رزگاری نیشتیمانی دروست بكەین تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دەكرێت لەماوەیەكی كورتدا".

هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی دوای ئەوەدێت لەلایەن چەند بەرپرسێكەوە هۆشداری درا لەدروستبونەوەی دوو ئیدارەی لە هەرێمی كوردستان.

پرسی دوو ئیدارەیی تەنانەت لەراگەیەندراوێكی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی كە لەپاش روداوەكانی كەركوك بڵاوكرایەوە ئاماژەی پێكراوەو تیایدا هاتوە "مەترسییەكی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، كە ببێتە دوو ئیدارەیی ‌و دوو ئیدارەییش، لێكەوتەی شەڕی ناوخۆو دەستێوەردانی ئیقلیمی‌‌و نێودەوڵەتی نەخوازراوی لێ چاوەڕوان دەكرێت"‌.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، بەپێویستی دەزانێت رێگری لەدروستبونی دوو ئیدارەی بكرێت.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو، بە (ژیان)ی وت "د بێت حزبە سیاسیەكانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكەن كەچی بكەین بۆ قۆناغی داهاتوو  پەرلەمانی كوردستانیش كۆبوونەوەیەكی لەو جۆرە بكات".

پارتی دیموكراتی كوردستان، پێیوایە پرسی دروستكردنی دوو ئیدارەیی لەهەرێم بابەتێكە هەمیشە لەلایەن نەیارەكانی كوردەوە پێشنیار دەكرێت.

فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە (ژیان)ی وت "هەتا ئێستا نەتوانراوە ئەو پیلانە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە‌و لەو بڕوایەشدا نیم كە ئەو پیلانە جێبەجێ بكرێت".

بەشارەتی، وتی "لەناو یەكێتی خەڵكی بەهەڵوێست‌و هەستكەر بە بەرپرسیارێتی زۆر هەیەو پێشتریش ئەم بابەتە لەلای یەكێتی‌و سەركردایەتی ئەو حزبە رەتكراوەتەوەو لەو بڕوایەدا نیم یەكێتی لەگەڵ ئەو بیرۆكەدا بێت".