شه‌شه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ئه‌نجامده‌درێت

PM:01:44:23/10/2017
کورد میدیا
بڕیارە رۆژی هەینی ٢٧-١٠-٢٠١٧، رێكخراوی ئه‌ربیل ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی، به‌ سپۆنسه‌ری (سپرایت، زانكۆی نوڵج، كۆڕه‌ك تیلیكۆم) شه‌شه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ئه‌نجامده‌دات، کە هه‌ردوو راكردنی 5 كم و 10 كم له‌خۆدەگرێت.

عه‌بدولستار عیسمه‌ت، سه‌رۆكی رێكخراوی ئه‌ربیل ماراسۆن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگای وه‌رزشه‌وه‌ په‌یامی ئاشتی و برایه‌تی و ته‌بایی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌ جیهان بگه‌یه‌نین و هه‌نگاوبنێین به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان تاکو هه‌موومان به‌ برایه‌تی و ته‌بایی بژین".


وتیشی: با هه‌موومان گه‌وره‌و بچووك، پیاو و ئافره‌ت و به‌ساڵاچووان و كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، به‌ جیاوازی ره‌گه‌زو نه‌ته‌وه‌و ته‌مه‌نمانه‌وه‌، بۆ ئاشتی و وه‌رزش و ئازادی رابكه‌ین.

لەبارەی چالاکییەکانیانەوە سه‌رۆكی رێكخراوی ئه‌ربیل ماراسۆن  ئاماژەی بەوەدا:" لەمساڵدا هه‌ردوو راكردنی 5 كیلۆمه‌تر (راكردنی خێزانی بۆ خۆشی و ته‌ندروستی)، له‌گه‌ڵ راكردنی 10 كیلۆمه‌تر كه‌ (سێ یه‌كه‌می كوڕان و كچان خه‌ڵات ده‌كرێن) ، بۆئەو مەبەستەش ده‌رگای به‌شداریکردن بۆ هه‌مووان واڵایه‌.


جێی ئاماژەیە بڕیارە لە سبەینێ سێشەممەوە له‌ كاتژمێر 9ی سەرلەبه‌یانی تا 6ی ئێواره‌ له‌ هۆڵی میدیا له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ست بكرێت به‌ دابه‌شكردنی تیشێرت و ژماره‌و پێداویستییه‌كانی ماراسۆن به‌سه‌ر به‌شداربووان دا.

هەروەها خوازیاریان دەتوانن لەیەکێک لەم شوێنانە ناوی خۆیان تۆماربکەن:
پارکەکانی(سامی عه‌بدولڕه‌حمان، شانه‌ده‌ر، شار)
وێبسایتی www.erbilmarathon.org
یاخود ژمارە مۆبایلەکانی  07508703738 - 07502905253