ئه‌ردۆغان هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌نقه‌ره‌

PM:09:32:12/10/2017
كورد میدیا:
سەرکۆماری تورکیا هێرشێكی تووندی كرده‌ سه‌ر باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و رایگه‌یاند، هه‌ڵپه‌ساردنی پێدانی‌ ڤیزای‌ ئه‌مریكا به‌هاوڵاتیانی‌ توركیا له‌سه‌ر بڕیاری‌ باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا بووه‌ له‌ توركیا.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ وتارێكدا وتی "زۆر به‌ڕوون و ئاشكرا ده‌یڵێم، ئه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه‌ی دروستكرد باڵیۆزێكه‌ لێره‌. جێگه‌ی قبووڵ نییه‌ ئه‌مریكا هاوبه‌شێكی ستراتیجی وه‌ك توركیا بكاته‌ فیدای باڵیۆزێك كه‌ خۆیشی ناناسێت. گونجاو نییه‌ ئێمه‌ به‌وه‌ بڵێین به‌ڵی".

ئەردۆغان وتیشی: "هیچ كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ وانه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ توركیا بڵێته‌وه‌، توركیا پێویستی بەوە نییه‌ وانه‌ی دیموكراسی له‌و وڵاتانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ ئه‌و كوده‌تاچییانه‌ی دیموكراسیی وڵاته‌كه‌مانیان كرده‌ ئامانج، له‌ شه‌قامه‌كانیاندا به‌ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه‌".

ده‌شڵێت "ئه‌وانه‌ی مه‌یدانی پایته‌خته‌كانیان بۆ رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ته‌رخانكردووه‌، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ مافیاكانی تیرۆر له‌ قه‌ندیل په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆیان هه‌یه‌، ناتوانن وانه‌ی یاسا به‌ ئێمه‌ بڵێنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی رێگه‌ناده‌ن وه‌زیره‌كانمان بچنه‌ كۆنسوڵخانه‌كانی خۆمان، ناتوانن باسی دیپلۆماسی بۆ ئێمه‌ بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی له‌وباره‌وه‌ ده‌یانه‌وێت سزای وڵاته‌كه‌مان بده‌ن، پێویسته‌ سه‌ره‌تا هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتییه‌كانی خۆیان ببینن. پێویسته‌ بچنه‌ به‌رده‌م ئاوێنه‌ و رووبه‌ڕووی خۆیان ببنه‌وه‌". 

ئه‌م قسانه‌ی‌ ئه‌ردۆغان له‌ كاتێكدا له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا ئه‌مریكا پێدانی‌ ڤیزای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌ هاوڵاتیانی‌ توركیا تا كاتێكی نادیار هه‌ڵپه‌سارد.

زۆرترین خوێنراو‌