هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە چالاکیی گەریلاکانی بڵاوکردەوە

PM:06:14:12/10/2017
كورد میدیا:
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، سەبارەت بە چالاکیی گەریلاکانی لە شرناخ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هەواڵی کوژرانی شەش سەربازی تورک لە چەلێ و دەڤەری بارزانیشی پشتڕاست کردەوە.
 
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە لە ماڵپەڕی فەرمییدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، کە شەش سەربازی تورک لە ئەنجامیدا و چالاکیی گەریلاکان لە گاباری سەر بە شرناخ کوژراون.
 
هەپەگە ڕایگەیاند: ڕۆژی ٣ی مانگ سوپای تورک لە دەوروبەری گاباری سەر بە شرناخ ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، ڕۆژی ٥ی مانگ هەلیکۆپتەرەکانی سوپا ئەو ناوچەیەیان بۆردومان کرد، هەر ئەو ڕۆژە یەکینەیەکی هێزەکانی دوژمن کە بەنیاز بوو بچێتە ناوچەکەوە کرایە ئامانجی چالاکیی گەریلاکانمان، لەو چالاکییەدا دوو سەربازی تورک کوژران.
 
لە بەردەوامیدا هەپەگە ڕایگەیاند: ڕۆژی ٨ی مانگ کاتێک کە یەکینەیەکی سوپای دوژمن هەوڵیدا بچێتە گردی شەهید ڕۆژینی گاباری سەر بە شرناخ، کرایە ئامانجی چالاکییەکی گەریلاکان، لەو چالاکییەشدا چوار سەربازی تورک کوژران، ڕۆژی ١٠ی مانگ هێزەکانی سوپای تورک لە ناوچەکە پاشەکشەیان کرد و کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان هێنا.
 
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە هەروەها هەواڵی کوژرانی دوو سەرباز لە دەڤەری بارزان و چوار سەربازی دیکە لە چەلێی سەربە جولەمێرگی پشتڕاست کردەوە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاکرابووەوە.
 
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: ڕۆژی ١١ی مانگ سوپای تورک لە گردی کاپلان، گوندەکانی پیران، میهرێ، هۆزێ و گردی ڕزدە-ی سەربە قلابانی شرناخ ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد و ئۆپەراسیۆنەکە ئێستا بەردەوامی هەیە