(بێدەنگی ئاسمان) جوبرائیلی بردە ئەفریقا

PM:03:12:10/10/2017
كورد میدیا:
فیلمی ئەنیمەیشنی كوردی (بێدەنگی ئاسمان) لەدەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەكر لەفێستیڤاڵێكی سینەمایی نێودەوڵەتی لەوڵاتی سودان بەشداری پێشبڕكێی سەرەكی دەكات‌و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات.

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداری فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵەدا لە لێدوانێکدا بە (کوردمیدیا)ی رایگەیاند "فیلمەكە بەشداری لەخولی سێهەمی فێستیڤاڵی خەرتوم بۆ فیلمی عەرەبی لەوڵاتی سودان دەكات‌و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات".

 وتیشی "فێستیڤاڵەكە رۆژانی 19 تا 25ی تشرینی یەكەمی 2017 لەشاری خەرتوم بەڕێوە دەچێت".

 (بێدەنگی ئاسمان) نوێترین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكرە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنی زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە و لەماوەی تەنها 3مانگدا بەشداری لەزیاتر لە 30 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی، كردوە و چەند خەڵاتێكیشی پێبەخشراوە.

سیناریۆی فیلمەكە پشتیوان عەبدوڵا نوسیویەتی‌و كاری گرافیك‌و دەنگ لەلایەن سەباح شەهدی كاری موزیكی فیلمەكەش رامتین لهۆنی جێبەجێی كردوە، ماوەی فیلمەكە 100 چركەیە و بەرهەمی ساڵی 2017-یە.